بۆسنا
گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نیشتمانی سوریا لوئەی سافی رایگەیاند: ئەگەر کۆنفرانسی جنێڤ ٢ سەرکەوتوو نەبێ، ئەوا ناوچەکە رووبەرووی دابەشبوونێکی گەورە دەبێ و شەڕ لە سەرانسەری ناوچەکە پەرە دەسێنێ.
لوئەی سافی لە کۆنفرانسی چارەسەری دیموکراتی بۆ سوریا لە زانکۆی بۆسنا، گوتی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا، نزیکە.
سافی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێدا ئەگەر کۆنفرانسی جنێڤ٢ سەرکەوتوو بێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی لێ بکا، ئەوا بە پەلە چارەسەرێکی سیاسییانە بۆ قەیرانی سوریا دەدۆزرێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر کۆنفرانس سەرکەوتوو نەبێ ناوچەکە دابەشبوونێکی گەورە بە خۆیەوە دەبینێ و شەڕ لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاو دەبێتەوە.
سافی لە بارەی کوردانی سوریاوە گوتی:" کوردانی سوریا وەکو کوردانی عێراق لە یەک ناوچەی تایبەتدا ناژین، بۆیە ناتوانن بەبێ شەڕ وڵات یا ناوچەیەکی سەربەخۆ بۆ خۆیان دابمەزرێنن. لە باکووری رۆژھەڵاتی سوریا کورد و عەرەب تێکەڵن، بە پێی مێژوو نیوەی زیاتری سوریاییەکان بە رەسەن کوردن، بۆیە راگەیاندنی ناوچە یا دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی زەحمەتە. ئێمە لەو باوەرەداین لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاسا سەروەربێ ئەوا ھیچ جۆرە جێگەیەک بۆ نەتەوەپەرستی نامێنێ."
سافی بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "زۆربەی ئەندامانی ھاوپەیمانیی نیشمانی کورد لە دژی راگەیاندنی ناوچە یا وڵاتێکی سەربەخۆی کوردین. ئیمەیش وەکو ھاوپەیمانیی نیشتمانی سوریا داوای سیستمێک دەکەین کە باوەش بۆ ھەموو پێکھاتەکان بە شێوەیەکی یەکسان بکاتەوە."