Dilşad Seyfeddin Ahmed
12 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2015
سلێمانی
دوای ئەوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بازگەی پردێ لەسەر رێگای سەرەكی نێوان هەولێر و كەركووك رێگری كرا لە چوونە ژورەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كوردستان بۆ ناو شاری هەولێر، سەرۆكی پەرلەمان گەڕایەوە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەممەد سادق دوای گەیشتنەوەی بە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە كاتی گەڕانەوەمان بۆ شاری هەولێر هێزێكی زۆر لە نێو بازگەی پردێ كۆكرابوونەوە وەك ئەوەی بۆ رزگاركردنی شنگال و تیرۆریستان كۆكرابنەوە و رێگرییان كردین، ئێمە پێداگریمان كرد لەوەی هەمومان بگەڕێینەوە بەڵام ئۆتۆمبێلی كەناڵی كوردساتیان راگرتووە و ئازاریان داون".
یوسف محەممەد گوتی: "ئەوەی روویدا گۆڕانكارییەكی زۆر خراپە لە پڕۆسەی سیاسی كوردستان و داگیركردنی هەولێرە كاتێك رێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بچنە شارەكەوە".
سەرۆكی پەرلەمان گوتی: "ئەوەی روویدا جۆرێكە لە لە هەوڵدان بۆ كودەتا كردن بەسەر دەزگای شەرعی كوردستان، بەڵام ئەو كودەتایە بە هیمەتی هەموو لایەك سەركەوتوو نابێت و شەرعییەت لەلایەن گەلەوە وەرگیراوە و تەنها لەلایەن ئەوانیشەوە وەردەگیرێتەوە".
ئەوەشی گوت: "ناچینە ژێر باری كودەتا و كودەتا قبوڵ ناكەین و هەوڵ دەدەین لە نزیكترین كاتدا كارەكانمان دەست پێبكەینەوە".
یوسف محەممەد هەروەها گوتی: "دۆخی ئێستای هەرێم كەڵەكەبوی كێشەكانی رابردووە، قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە و بۆشایی یاسایی سەرۆكی هەرێم و كۆتایهاتنی وادەی سەرۆكی پێشوی كوردستانە".
سەرۆكی پەرلەمان داوای لە هەمو لایەنەكان كرد بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و هەمووان پێكەوە هەوڵی چارەسەركردنی دۆخی هەرێم بدەن و گوتی: "دۆخی هەرێم بەرەو هەڵدێر دەڕٍوات و ئێستا لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە دیالۆگ و چارەسەری كێشەكان هەیە".
سەرۆكی پەرلەمان داخوازی خۆپیشاندەرانی بە رەوا وەسف كرد، لە هەمانكاتدا داوای كرد داواكانیان بە گیانێكی نیشتمانی و مەدەنیانە بگەیەنن و رێگە نەدەن خۆپیشاندانەكان بە ئاراستەی توندوتیژی ببرێت.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئەبوبەكر هەڵەدنی لە كۆنگرەكەدا گوتی: "ئیدانەی رووداوەكانی ئەو چەند رۆژە دەكەین كە كۆمەڵێك دیاردەی نەشیاون بە هەڵكوتانە سەر بارەگا و سووتاندن و كوشتنی خۆپیشاندەران و هەڵكوتانە سەر رۆژنامەنووسان".
هەڵەدنی گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر سەرۆكی پەرلەمان كرا بەرامبەر سەرجەم پەرلەمانتاران و خەڵكی كوردستان كراوە، تەنها ئێمەی پەرلەمانتاران مافی لێسەندنەوەی متمانەمان هەیە لە پەرلەمانتاران و وەزیرەكان و هیچ دەزگایەكی تر مافی ئەوەی نییە".
ئەو ئەوەشی گوت: "ئەوەی روویدا پێشهاتێكی خراپە و رەنگدانەوەی لەسەر خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی بەرگری دەبێت".
پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زانا عەبدولڕەحمان لە كۆنگرەكەدا گوتی: "وەك یەكێتی ئەزموونێكی تاڵمان هەیە لەگەڵ دوو ئیدارەیی و هەوڵی زۆرماندا بۆ كۆتایی هێنان بەو ئەزموونە، بەڵام ئەوەی لەم دواییەدا روودەدات گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی".
زانا گوتی: "سەرەڕای هەموو قەیرانەكانی تری كوردستان، ئەمڕۆ قەیرانێكی تر دروست بووە كە قەیرانی پەرلەمانی كوردستانە، بۆیە ئیدانەی ئەو رووداوە دەكەین و بە كارێكی یاساشكێنی دەزانین".
پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان شێركۆ حەمەئەمین ئیدانەی روداوەكەی كرد و گوتی: "داوا لە هەموو لایەنە نێوخۆیی و بیانییەكان دەكەین لەسەر رووداوەكە بێنە دەنگ و بەرپرسیارێتی سەرەكی رووداوەكەش لە ئەستۆی پارتی و بارزانیدایە".