Muhammed Ali Kamal
16 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2023
هه‌ولێر-AA
سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی و میری ئێزدییان، میر حازم ته‌حسین به‌گ ره‌وشی ده‌ڤه‌ری شنگالیان تاوتوێكرد.
به‌پێی هه‌واڵێك كه له ماڵپه‌ڕی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە میر حازم تەحسین بەگ کردووه و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ئێزدییان و رەوشی دەڤەری شنگال بەتایبەتی کردووه.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی حکوومه‌ت بۆ ماف و داخوازییەکانی ئێزدییان، جەختیشی لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان و ئاساییکردنەوەی دەڤەرەکە كردووه‌ته‌وه لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.
له هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه كه میری ئێزدییان سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەتی هەرێم لە ئێزدییان و کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانیان و گرنگیدان بە رۆڵی ئێزدییان لە دامەزراوەکانی حکوومەت دەربڕیوه.