سلێمانی / بەھمەن حەسەن
پێچەوانەی هیوای زۆرێك سەركردە عێراقییەكان نەیانتوانیوە لە پێناو ئاساییكردنەوەی رەوشی ئاسایشی عێراق جیاوازییەكان بخەنەلاوە.
بەپێی دواین لێدوانی جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵح، كێشەكان زۆر لەوە گەورەترن كە پێشبینیدە كرا.
هەروەها بەرهەم ساڵح ئاماژە بەوە دەكا كە ئەوەی ئێستا لە عێراقدا روودەدا لە عێراقیبوون تێپەڕیوە و بووەتە كێشەی وڵاتانی ناوچەكە، تەنانەت ئەمریكاش.
لە ئێستادا چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر شاری موسڵدا گرتووە و لە بەرەی كەركوك و دیالە و ئەنبار و سەڵاحەدیندا، رووبەڕووی هەریەكە لە هێزەكانی پێشمەرگە و پاشماوە پەرتەوازەكانی سوپای عێراق دەبنەوە.
ئەم دۆخە زیانێكی زۆری سیاسی، ئابووری و ئەمنی بە عێراق گەیاندووە و دامەزراوەیی سوپای خستووەتە ژێر پرسیارەوە، وای لە ژماریەك چاودێر و سیاسەتمەداری ئەمریكاش كردووە داوا لە مالیكی بكەن دەستبەرداری پۆستەكەی بێ.
لەگەڵ هەڵهاتنیان شكۆی سوپا دەبەن
سوپای عێراق لە پاشەكشەیەكی بەردەوامدایە، لەگەڵ كشانەوەی سوپاشدا فەرهود و پاشاگەردانی و بازرگانی بە چەك و كەلوپەلەكانی سوپاوە سەری هەڵداوە. بەشێك لە سەربازانی سوپای عێراق لەگەڵ فڕێدانی چەكەكانیان پەیوەندییان بە چەكدارانی داعشەوە كردووە و ژمارەیەكی دیكەشیان لەگەڵ هاوڵاتییانی سڤیل بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵهاتوون.
جێگەی ئەو هێزانەش لە لایەن دوو هێزی ركابەرەوە پڕدەكرێنەوە. لە ناوچەكانی خۆرئاوای موسڵ و چەند بەشێك لە كەركووك، دیالە، ئەنبار و فەلوجە و ناوچە سوننەنشینەكانی دیكە، ئەم بۆشاییە لە لایەن چەكدارانی داعشەوە پڕكراوەتەوە. لەو جێگایانەدا داعش دەزگای تایبەت بە خۆیان دادەمەزرێنن و نمایشی سەربازی دەكا، وەك ئەوەی لە موسڵ و سەڵاحەدیندا بەرچاو كەوت.
لە لایەكی دیكەوە ناوچە كوردییەكان و بەتایبەتتر، ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لە لایەن پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵ كراون، هەنوكە بەرپرسانی باڵای هەرێم لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە بۆ وەزیری پێشمەرگە، دەچنە كەركووك و پشتیوانی بۆ كاربەدەستانی ئەو ناوچانە دووپات دەكەنەوە.
كشانەوەی سوپای عێراق لە زۆر رووەوە لە پاشەكشەی سوپای عێراقی دوای هێرشی هاوپەیمانانی جەنگی كەنداو دەچێ. لە نێوان تەمووزی ١٩٩٠ بۆ شوباتی ١٩٩١، ٣٤ وڵاتی عەرەبی و خۆرئاوایی بە رابەرایەتی ئەمریكا هێرشێكی هاوبەشیان كردە سەر سوپای عێراق، دوای ئەوەی بەغدا هێرشی كردە سەر كوەیت و بڕیاریدا بیكاتە بەشێك لە عێراق.
شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی شوباتی ١٩٩١، كاروانێكی سوپای عێراق كە بە زیاد لە هەزار و 400 ئۆتۆمبێلی جۆربەجۆری سەربازیی مەزەندە دەكرا، رێگەی سەرەكی ئەلجەهرای -٢٠ كم باكووری كوەیت- دەگرنە بەر، بە مەبەستی پاشەكشەكردن و گەڕانەوە بۆ عێراق.
هەرچەندە ژمارەی سەرنشینەكانیان نەزانراوە، بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان و چاودێری هێزی ئاسمانی ئەمریكا، كاروانەكە ئاشكرا دەبێ و سوپای ئەمریكا لە بنكە سەربازییەكەی لە ریازی پایتەختی سعودیەوە هێرشیان دەكاتە سەر.
ئەوەی ئەو شەوە روویدا و ئەو سەربازانەی كوژران بۆ هیچ لایەك ئاشكرا نەبوو. بەڵام لەگەڵ بەرەبەیان و بڵاوبووەنەی زانیاری لەبارەی هێرشەكەوە، ٦٠ كیلومەتری رێگەی نێوان سنووری عێراق و كوەیت بە پاشماوەی لاشە و كەرەستە سەربازییەكانی عێراق داپۆشرا.
ئەم رووداوە شكستێكی گەوەرە بوو بۆ بەغدا، رۆژنامەنووسی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز مەوریین دەودی، لە دوای رووداوەكە شەقامی ئەلجەهرای بە رێگەی مەرگ ناوبرد و كۆی رووداوەكەشی بە شكستی سەربازی رژێمی بەغدا پێناس كرد.
لە ماوەی دوو حەفتەی رابردووشدا، رێگەی سەرەكی نێوان هەولێر و موسڵ و شەقامەكانی ناوشاری موسڵ و دواتریش كەركووك، ئەنبار، سەڵاحەدین و فەلوجە پڕبوون لە جل و كەلوپەلی سەربازیی ئەفسەر و سەربازانی سوپای عێراق، لە كاتێكدا لەبەردەم "دوژمندا" هەڵ دەهاتن.
هاوشێوەی ئەوەی لە سەرەتای ١٩٩١دا روویدا، رووداوەكانی ئەم دوو حەفتەیەی عێراق، وەك پارێزگاری نەینەوا ئەسیل نوجەیفی رایگەیاند، "شكستی حكومەتی ناوەندی پیشاندا و ئابڕوچونی فروانی بۆ سوپا هێنا و ئاسایشی هەموو عێراقی خستە مەترسییەوە."
بۆ چی ئەم هەڵهاتنە زۆرە؟
وەك دەردەكەوێ سەربازانی سوپای عێراق بەردەوامن لە پاشەكشە بە شوێن پێی ئەفسەرەكانیاندا. ئەم كشانەوەیە وابەستەیە بە چەند پێدراوێك كە بۆ هاوڵاتییانی ئاساییش روون بووەتەوە.
یەكەم، زۆرێكیان پێیان وایە سەربازان و ئەفسەران سوپا جێدێڵن لە كاتێكدا لەوە دڵنیا بوونەتەوە حكومەت هەرچەندە بەڵێنی سزادانی هەڵهاتووەكانی داوە، ناتوانێ سزایاندا. واتە لە لاوازی و نەترسان لە سزاوەیە ئەو ژمارە زۆرە ریزەكانی سوپا جێدێڵن.
لای خۆیەوە كاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق و خوێندكاری دكتۆرا لە زانكۆی قاهیرە لە بواری یاسای نێودەوڵەتی شاخەوان عەبدولڵا ئەحمەد، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم دەنگۆیە رەت دەكاتەوە و دەڵێ دەبێ وەزارەتی بەرگری لێكۆڵێنەوە بكا و هەڵهاتووەكان سزا بدا.
ئەو یاساناسە وەك خۆی دەڵێ: "لە بەر ئەوەی لە ئێستادا عێراق وەزیری بەرگری نییە، ئەم ئەركە دەكەوێتە سەرشانی سەعدون دلێـمی كە لە ئێستادا ئەو پۆستە بە وەكالەت بەڕێوە دەبا."
دووەم، چاودێرە ناوخۆییەكان پێیان وایە زۆرێك لە سەربازانی عێراق ئامادە نین خۆیان لە جەنگێكدا بە كوشت بدەن كە بە بەرژەوەندی خۆیانی نازانن، و بۆ ئەم بۆچوونەش ئاماژە بە كۆمەڵێك هۆكار دەدرێ.
لەم بارەیەوە رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری دەزگای سپی میدیا شوان محەمەد لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، سوپای عێراق سوپایەكی ناپڕۆفیشناڵە و بۆ ئەمەش كۆمەڵێك هۆكارهەیە كە لە ناویاندا "بێ ئەزموونی شیعە لە حوكمڕانیدا".
محەمەد باسی لەوەش كرد كە بەشێكی دیكەی هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ رێگەدانی سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی بۆ گەڕانەوەی بەشێك لە ئەفسەر و سەربازە بەعسییەكان بۆ ریزەكانی سوپا گوتی: "ئەمە هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی بەعسییەكان لە ناوچە سوننەنشینەكاندا دزە بكەنە ناو سوپاوە."
هاوكات، وەك زۆربەی چاودێرە ناوخۆییەكان، پێی وایە كە سوپای عێراق سوپایەكی نیشمانی نییە.
لێرەشەوە ناپرۆفیشناڵبوونی سوپا، كە زۆرێك وەك نانیشتمانیبوونی سوپای ناو دەبەن، وای كردووە سەربازەكان بەرەكانی جەنگ چۆڵ بكەن و هۆكارێك لە كارەكەیاندا نەبیینەوە كە پاڵیان پێوەبنێ گیانیانی لە پێناودا بەخت بكەن.
سێيیەم، چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە ناوچە سونییەكاندا چالاكن، ئەمەش وای كردووە بە زوویی بنكەی جەماوەری فراوان بكەن و جێگەی سوپا لەق بكەن. سەرباری ئەوەی هێزە سونییەكان نایانەوێ بەرەنگاری هێزێكی دیكەی سونی ببنەوە كە هەوڵ دەدا لە ژێر هەژموونی شیعەدا دەریان بێنێ. بۆیە لە جێی ئەوەی رووبەڕووی داعشی هاومەزهەبیان ببنەوە، دەچنە ریزەكانیانەوە.
سزای هەڵهاتن لە سوپای عێراق؟
لە ٩ی ئایاری ٢٠٠٨دا، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای سزدانی عەسكەری پەسەند كرد. ئەم یاسایە لە ٨٣ مادە پێكهاتووە و پشتی بە مادەكانی ٦١، ٧٣ و ١٣٨ی دەستوری عێراقی بەستووە.
لە یاساكەدا بە روونی باس لەو سزایانە كراوە كە لە رێگەی دادگا سەربازییەكانەوە بەسەر كارمەندان، سەربازان و ئەفسەرانی سوپادا دەدرێ، لە دۆخێكدا كەمتەرخەمی لە كارەكانیاندا بكەن، هەڵبێن یاخود كەلوپەڵ و وڵاتەكەیان بخەنە مەترسییەوە.
ئەو دۆخەی ئێستا عێراق پیایدا تێپەڕ دەبێ، ئاڵۆزە و هەڵهاتن لە ریزەكانی سوپای عێراقدا دەكرێ بخرێتە سنووری زیاد لە یەك مادەی ئەم یاسایەوە.
بەپێی لێكدانەوەكانی شاخەوان عەبدولڵا، كە هاوكات مامۆستای یاسایە لە زانكۆی جیهان لە هەولێر، زۆرێك لە ئەفسەر و سەربازانی عێراق دەكرێ بە "خیانەتی گەورە" تۆمەتبار بكرێن، بۆ ئەمەش سزای جۆر بەجۆر دانراوە بەپێی یاسا.
زۆرێك لە سەرباز و ئەفسەرە هەڵهاتووەكانی عێراق دەكەونە خانەی مادەی ٢٨ و ٢٩ یاسای سزادانی سەربازی عێراقی. بە پێی ئەم دوو مادەیە ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی ریزەكانی سوپا جێدێڵن، هاوكاری هێزێكی دەرەكی دەكەن، دەچنە پاڵ دوژمن، چەك یاخود شوێنەكانی خزمەتیان دەدەن بەدەستەوە یان ریزی سوپا تێك دەدەن و كەمتەرخەمی دەكەن، بە توندی سزا دەدرێن.
سزای ئەم جۆرە تاوانانەش لەسێدارەدانە، ئەگەرچی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەكە، سزاكان دەكرێ بگۆڕدرێن بۆ سزای دارایی، زیندانی هەتاهەتایی یاخود زیندانیی كاتیی كە كەمتر نەبێ لە ١٠ ساڵ، وەك شاخەوان عەبدولڵا ئاماژەی پێكرد.
زیانە ئابوورییەكان
لە حەفتەی یەكەمی كۆنترۆڵكردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە، داعش دەیان ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە و خۆی كردووەتە یەك لە دەوڵەمەندترین گروپە چەكدارەكان لە جیھان. تەنیا لە ماوەی دوو حەفتەدا داعش دەستی گرتووە بەسەر بڕی زیاتر لە ٤٥٨ ملیۆن دۆلار لە بانكەكانی موسڵ، وەك چەند سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراق بە میدیاكانیان راگەیاند.
ئەم بڕە پارەیە بەراورد بەو زیانەی بە سوپا گەیشتووە زۆر كەمە. سوپا لە دوای خۆی دەیان جۆر چەكی قورس و سوكی لە فڕۆكە و تۆپ و تانك و ئۆتۆمبێلی سەربازی جێهێشتووە. هەرچەندە بەهای ئەو چەك و ئامێرانە نەزانراوە، بە دەیان ملیار دۆلار مەزەنە دەكرێ.
هێشتا ئەمە ئەو زیانە زۆرە پێشبینیكراوە نییە كە بەر عێراق دەكەوێ. لەگەڵ زیاندان لە سوپا و بانكەكان، داعش دەیان بینا و دامەزراوەی سوپای سوتاندووە و لە هەندێك ناوچەشدا كەلوپەلەكانی دەوڵەت لە لایەن خەڵكەوە فەرهود كراوە.
بە بڕوای چاودێرانی دۆخەكە، زیانی گەورە كاتێك بەر عێراق دەكەوێ كە حكومەتی ناوەندی بڕیاری دەستگرتنەوە بەسەر ئەو ناوچانەی لە دەستیداون بدا. بە بڕوای پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دلاوەر عەلائەدین، جەنگی گێڕانەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش كاتی زۆری دەوێ و ئاسان نابێ.
لە پێناو گێڕانەوەی ناوچەكانی موسڵ، سەڵاحەدین، ئەنبار، فەلوجە و ناوچەكانی دیكە، حكومەتی ناوەندی دەبێ شەڕی گەڕەكە و گەڕەك بكا. ئەمەش واتای ئەوەیە ژمارەیەكی زۆر قوربانی مرۆیی دەبێ و بەشێكی زۆری ژێرخانی ئابووری وڵات دەبێتە قوربانی.
لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشێكی لەو شێوەیەشدا، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتییانی عێراق ئاوارە دەبن و ئەمەش قەیرانێكی مرۆیی دەبێ و دەیان ملیۆن دۆلار لەسەر حكومەتی ناوەندی، حكومەتی هەرێم و دەزگا مرۆییە نێودەوڵەتییەكان دەكەوێ.
ئەم زیانانە هاوشانە لەگەڵ ئەو زیانانەی بە كەرتی نەوت و بازرگانی عێراق كەوتووە. لە ئێستادا هەناردنی نەوتی عێراق دابەزیوە و پاڵاوگەی بێجیش لە لایەن داعشەوە دەستیبەسەر داگیراوە كە رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی دەپاڵاوت، ئەم پێشهاتە وای كردووە مامۆستایەكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئابووری لە زانكۆی ئەمریكی لە عێراق، سلێمانی فەخرەدین سومەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، بڵێ: "ئابووری عێراق لە مەترسیدایە. ئەم دۆخە زیانی ئابووری زیاتری بەدواوەیە، بۆ نمونە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دیمان و لە ئایندەشدا دەبینین كە چۆن جوڵەی بازرگانی عێراق بەهۆی ئاڵۆزییەكانەوە كەم دەكا."
زیانە سیاسییەكان
لە رۆژەڤدا باس لەوە دەكرێ پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا "فەشەلی هێناوە" و لای خۆشیەوە لە دوای یەكەمین دەركەوتنیدا، سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ نووری مالیكی ئەم رەوشەی بۆ پابەندنەبوون بە دەستوور و چەند ئەكتەرێكی دەرەكی گێڕایەوە.
بەهۆی هاتنی چەكدارانی داعش و وەلاوەنانی هێزە سونییەكان، حكومەتی ناوەندی هیچ چالاكییەكی سیاسی بۆ ئەنجام نادرێ و بە بڕوای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی دەبێ چارەسەرێكی سیاسی بدۆزرێتەوە.
هاوشێوەی بارزانی، زۆرێك لە چاودێران پێیان وایە ئەم دۆخە كاتێك چارەسەر دەكرێ رۆڵی راستەقینە بدرێتە سوننەكان و پشتگوێ نەخرێن، وەك چۆن سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆبۆما لە گوتارێكیدا لەسەر رەوشی عێراق دووپاتی كردەوە.
سەرباری كراوەیی بۆچونەكەی، نێچیرڤان بارزانی رادیكاڵانەوە پشتیوانی هەرێـمێكی سونی هاوشێوەی هەرێمی كوردستان دەكا، ئەمەش ئەو شتەیە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ماوەی دوو خولی كاركردنیدا رەتی كردووەتەوە.
لە روانگەی كوردەوە، سەرجەمی ئەم هەڵانە بەهۆی سیاسەتی نەزانانەی نووری مالیكییەوە بوون و سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتە سیاسییە كوردییەكان و دواین بەیاننامەیدا، مالیكی وەك هۆكاری بارگرژییە سیاسی وئەمنییەكانی عێراق دەناسێنێ.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هێشتنەوەی مالیكی هەمان گرنگی دەربازكردنی عێراقی نییە لەم دۆخەی ئێستای. زۆرێك لە چاودێرە خۆرئاواییەكان پێیانوایە رۆژەكانی مالیكی لە پۆستەكەیدا كەم بوونەتەوە.
ئۆباما ئامادە نەبوو هاوكاری مالیكی بكا و زۆرێك لە چاودێران ئەم كارەی ئۆبامایان بە بێهیوابوونی ئەمریكا لە كارامەیی مالیكی لێكدایەوە.
هاوشێوەی بۆچوونە ناوخۆییەكان، خۆرئاواییەكانیش هیوابڕاوبوون و فەشەلی سیاسی حكومەتی ناوەندی گەیاندونییە حالێك كە پێشوازی لە بۆچوونەكەی ئایاری ٢٠٠٦ی جێگری سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن بكەن، بۆ دابەشكردنی عێراق بۆ سێ هەرێمی كوردی، سونی و شیعی.
news_share_descriptionsubscription_contact

