سلێمانی
عەبدولوەھاب عەلی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپارێزگای سلێمانی، لەبارەی کردنەوەی بەشی کوردی AA بەو جۆرە ھەڵیدەسەنگێنێ "زیادکردنی زمانی کوردی بۆ ئاژانسێکی گەورەو باوەڕپێکراوی وەکو ئانادۆڵو سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ نەتەوەی کوردو ئاژانسەکە، ھەروەھا ڕاماڵینی ھەموو ئەو بۆچوونانەشە کە لەسەر ئاژانسەکە ھەبوو، ئێستا گرنگی بەھەموو زمانەکانی دیکەیش دەدات لەوانە زمانی کوردی.
عەبدولوەھاب عەلی زیاتر گوتی "لەساڵی ١٩٩١ ئانادۆڵو بووە یەکێ لەسەرچاوە سەرەکییەکان بۆ گواستنەوەی ھەموو ھەواڵەکان و ڕۆڵی گەورەی ھەبوو لەگەیاندنی کارەسات و تراژیدیای کۆڕەوی گەلی کورد لەباشووری کوردستان، ھەروەھا لەڕێی AA ــەوە وێنەو کارەساتی ھەڵەبجە گەیەنرایە جیھان".
لەبارەی پرسی ئاشتی لەتورکیاو ئەو گۆڕانکارییانەی لەو وڵاتەدا ھاتوونەتە ئاراوە، عەبدولوەھاب عەلی دەڵێ" لەم دە ساڵەی دواییدا گۆڕانکاریی گەورە لەسیاسەتی حکومەتی تورکیا بەدیدەکرێ بەرامبەر پرسی کورد، جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەچاو ڕابردوودا ھەروەھا گۆڕانکاریی گەورەش لەسیستمی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەیی و ئاینییەکان روویداوەو خوازیراین زیاتریش بێ".