پاریس
لوتكەی ئاسایشی نێجیریا لە پاریس دەستی پێكرد و هەر یەك لە سەرۆكی فەرنسا فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی نێجیریا گۆدڵاك جۆناسان و سەرۆكی وڵاتانیكامیرون، چاد، نێجەر و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ولیەم هەیگ وسەرۆكی كۆنسەی یەكێتی ئەوروپا ڤان رومپۆیی، راوێژكار و بەرپرسی كاروباری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وێندی شارمان بەشداریان لە لوتكەكەدا كرد.
لە سەرەتا لوتكەكەدا، سەرۆكی فەرەنسا گوتەیەكی پێشكەشكرد و گوتی :"پێویستە رووبەڕووی هەموو گروپ و رێكخراوێكی (تیرۆرستی) ببینەوە بە هۆی ئەوەی ئاسایشی ئەفریقیا تێكدەدەن لە سەرو هەموویانەوە گروپی چەكدارانی بۆكۆ حەرام، كە لە ئێستادا بووەتە جێگای نیگەرانی ژیانی كۆمەڵاتی و خوێندنگاكانی ئەفریقیای ناوەڕاست هەروەها وڵاتانی رۆژئاوا. بۆیە پیویستە لەلایەن وڵاتانانی ناوچەكەوە تێك بشكێنرێن.
ئۆلاند گوتی:"بۆكۆ حەرام سەرەتا لەلایەن رێكخراوی قاعیدەی (تیرۆرستی) و گروپەكانی دیكەوە لە روویی دارایی و چەكەوە پشتیوانیەكی زۆری لێدەكرێ بۆ لە ناوبردنی پێویستمان بە پلانێكی نێودەوڵەتی دژی بۆكۆ حەرام هەیە."
سەرۆكی فەرەنسا لەگوتەكانی ئاماژەی بە تەنیا نەبوونی بۆكۆ حەرام لە چالاكیەكانی دا و رایگەیاند،چەندین بەڵگەیان لەبەر دەستە، بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەدژی چالاكیەكانی رێكخراوەكە لە نێجیریا و ناوچەكە و بڕیاری ئامادەكردنی پلانی هاوبەشی نێودەوڵەتی دژی بۆكۆ حەرام و گروپە چەكدارەكانی دیكە دراوە.
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆكی نیجیریا بەردەوامی كارەكانیانی بۆ رزگاركردنی كچە رفێنراوەكان راگەیاندو گوتی: "پێویستە هەموو پێكەوە لەدژی بۆكۆ حەرام و گروپە (تیرۆرستیەكان) شەڕ بكەین، چونكە ئەو گروپانە بوونەتە هۆی ئەوەی نیگەرانی لە ئەفریقیا دروستبێ، وەك نێجیریا ئامادەین بە هەموو چالاكیەك لەناویان ببەیان."
لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی لوتكە سەرۆكی كامیرۆن پاول بیا گوتی :" لە دژی بۆكۆ حەرام شەرمان راگەیاندووە."
هەروەها سەرۆكی چاد ئیدریس دێبی ئاماژەی بە بەردەوامی رووبەڕوو بوونەوەی وڵاتەكەی لە دژی گروپە چەكدارەكان كرد كە ناوچەكەیان داگیر كردووە.