كفری
لە قەزای كفری ژمارەیەك لە هاووڵاتیان بەهۆی كەمی كارەبا و ئاوی خواردنەوە، خۆپێشاندانێكیان ئەنجام دا بەڵام رێڕەوی خۆپێشاندانەكە گوڕدرا و هێرشكرایەسەر بارەگای بەرەی توركمانی عێراقی لە كفری و زیانی ماددی بە بارەگاكە كەوت.
هاووڵاتییەكی توركمانی كفری عەلی حوسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم هێرشە كە كرا بۆ سەر بارەگای توركمانی لە كفری كارێكی تیرۆریستییە چونكە بارەگاكەیان تێك داوە و ئاڵایان سووتاندوە. ئەم كارەش تێكدانی ئاشتییە لە نێو كفری و ئەم جۆرە كارە بەتوندی رەتدەكەینەوە و داواكارین لەلایەنی پەیوەندیدار بكەران رادەستی یاسا بکەن".
لێپرسراوی بەرەی توركمانی لە كفری شاهین توركمان ئۆغڵو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ لە كاتی خۆپێشاندانی هاووڵاتیانی كفری بۆ داواكاری ئاوی خواردنەوە وكارەبا بەداخەوە لەلایەن ژمارەیەك لە خۆپێشاندەرانەوە هێرش كرایە سەر بارەگاكەمان و لە ئەنجامدا زیانی ماددی زۆر بە بارەگاكەمان كەوت".
شاهین ئۆغڵو لە درێژەدا گوتیشی: "ئێمە لە كفری هەموو وەك برا دەژین بەڵام ئەم جۆرە هێرشانە دەبێتە هۆی تێكدانی پەیوەندی نێوانمان. هەر لە هێرشەكەدا ئاڵای بەرەی توركمانیان داگرت و سووتاندیان ئەمەش ئێمەی نیگەران كرد چونكە ئاڵا شەرەفی ئێمەیە".
لێپرسراوی بەرەی توركمانی لەكفری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە: "لەكاتی هێرشەكە ئێمە هێزەكانی ئاسایشمان ئاگادار كردەوە چونكە بارەگاكەمان پاسەوانی نییە بەڵام لە وەڵامدا بەئێمەیان گوت بڕۆن لە دادگا سكاڵا تۆمار بكەن. ئێمەش سبەی سكاڵای یاسایی لەدادگا تۆمار دەكەین بۆ ئەوەی ئەنجامدەران بەسزای یاسایی خۆیان بگەن و داواكارین لە هێزەكانی ئاسایشی كفری بارەگاكەمان بپارێزن چونكە ترسی هێرشی ترمان هەیە".