Zana Natık Kerem
24 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2017
هەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی سەردانەكەی بۆ هەولێر و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد.
چاوشئۆغڵو گوتی: "لە بەغدا كۆبوونەوەی زۆر گرنگمان ئەنجام دا و لەوێ داوای مافی برا كوردەكانمان كرد".
سەبارەت بە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بازرانی، وەزیری دوەرەوەی توركیا گوتی: "لەگەڵ بارزانی كۆبوونەویەكی دۆستانە و ئەرێنیمان ئەنجام دا كە تیایدا بە وردی باسمان لە شەڕی دژ بە داعش و ژمارەیەك دۆسیەی گرنگ كرد".
چاوشئۆغڵو گوتیشی: "بۆچوونی ئێمە لەسەر ریفراندۆم ئاشكرایە و بە بارزانیمان راگەیاند".
وەزیری دوەرەوەی توركیا ئاماژەی بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێمە و هەرێمی كوردستان هیچ پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە".
چاوشئۆغڵو ئەوەشی گوت: "زۆر پرس، ئێمە بەم ناوچەیە دەبەستێتەوە و بابەتەكە تەنها ئابووری نییە".
وەزیری دەرەوەی توركیا گوتیشی: "ئێمە هیچ مەرجێك دانانێین، ئەوەی ئێمە داوای دەكەین ئەوەیە، لە هەردوولاوە ئەوەیە كە كێشەكان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكەن، مەبەستم ئەوەیە داوا لە هەولێر و بەغدا دەكەین بۆ ئەوەی بە سەر ئەم بارودۆخەی ئێستادا زاڵ بن ئەوەش لە رێگەی دیالۆگەوە، بڕیاری ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە، بۆچوونێك و بڕیارێكی باش نییە، ئێمە پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و برا و خوشكە كوردەكانمان لێرە لە عێراق كردووە، هەروەك چۆن یارمەتی خەڵكی دیكەشمان داوە. كەواتە هیچ مەرجێكمان دانەناوە".
لە بارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، چاوشئۆغڵو گوتی: "هەڵگردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركووك، بڕیارێكی هەڵەبوو".
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لە كیمیابارانكردنی كورد كرد و گوتی: "ئەو كاتەی كورد كیمیاباران كران ئێمە لەسەریان هاتینە دەنگ".
وەزیری دەرەوەی توركیا گوتیشی: "ئێمە كێشەمان لەگەڵ كورد نییە و پەكەكە دوژمنی كوردن، هەروەها پەكەكە دوژمنی، ئێمە، عێراق و هەرێمی كوردستانیشە".
وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئەمڕۆ بەیانی گەیشتە بەغدا و لە میانی سەردانەکەیدا، لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم و سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبووری و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراھیم جەعفەری و پەرلەمانتار و سیاسییە تورکمانەکاندا، کۆبووەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش گەیشتە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆبووەوە.