Zana Natık Kerem
30 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2017
كەركووك ــ AA
فەرماندەی پۆلیسی كەركووك، عەمید خەتاب عومەر رایگەیاند كە هێزە ئەمنییەكان لە زۆربەی گەڕەكەكانی پارێزگای كەركووك ٩٩ تیرۆریست و داواكراو و گومانلێكراویان دەستگیركردووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە بارەگای فەرماندەیی پارێزگای كەركووك سازی كرد، خەتاب عومەر گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەكان، هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنییان بۆ سەر زۆربەی گەڕەكەكانی پارێزگای كەركووك ئەنجام دا".
فەرماندەی پۆلیسی كەركووك ئاماژەی بەوەشدا كە هەڵمەتەكە لەسەر بڕیاری پارێزگار و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگا بە وەرگرتنی رەزامەندی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای كەركووك، ئەنجامدرا.
عەمید خەتاب عومەر گوتی: "لە میانی هەڵمەتەكەدا، ٨٨ گومان لێكراو، ١٠ داواكراو بە پێی ماددەی چواری تیرۆر لەگەڵ یەک داواكراو بە پێی ماددەی ٢٣٩ تایبەت بە تاوانی ساختەكاری دەستگیركراون".
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە گومانلێكراوەكان لەژێر لێكۆڵینەوەدان و لەو كاتەی هیچ گومان و تاوانێكیان لەسەر ساغ نەبوویەوە ئازاد دەكرێن.
فەرماندەی پۆلیسی كەركووك راشیگەیاند كە هەر لە میانی هەڵمەتەكەدا، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەسەر ژمارەیەك چەك و بڕێكی تەقەمەنییدا گرتووە.