سلێمانی (AA)
محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لەوتووێژێکدا لەگەڵ پەیامنێری (AA ) باسی چەند پرسێکی ھەنووکەیی کرد لەھەرێمی کوردستان.
ئەو زیاتر لەبارەی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لەھەرێمی کوردستان قسەیکردو پێی وابوو دەسکەوتی سیاسییان بەدەست نەھێناوەو ڕاشکاوانە گوتی " لەو چوار ساڵەی لەپەرلەمان کاریانکرد، ھیچ قانوونێکیان پێدەرنەکراو دەستیان لەبنی ھەمبانەکەوە دەرچوو".
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لەھەڵبژاردنی ٢٥ ی تەمموزی ٢٠٠٩ لەگەڵ ھەرسێ لایەنی (یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، حیزبی ئایندە) چووە کێبەرکێی ھەڵبژاردنەوەو دوو کورسی مسۆگەرکرد. وا بڕیارە ئەو حیزبە لەھەڵبژاردنی مانگی داھاتوو بەتەنیا بچێتە کێبەرکێ و لەگەڵ ھیچ لایەنێک ھاوبەشی نەکات.
لەبارەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان کە چوار ساڵە لەکوردستان چالاکانە کاردەکەن، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکرات بەو جۆرە ھەڵیان دەسەنگێنێ " سەرھەڵدانی ئۆپۆزسیۆن کارێکی باشبوو، ھێزی جەماوەریی ئەوان دەسەڵاتی ڕاچڵەکاندو وایکرد دەسەڵات پێش رووداوەکان بکەوێ بەر لەوەی ئەوان بوروژێنن".
بەڵام ھەڵسوکەوت و سیاسەتی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن دەخاتە بەر رەخنەو دەڵێ ئۆپۆزسیۆن دەستییان لەبنی ھەمبانەکەوە دەرچوو " ئەوان خاوەنی ٣٦ کورسی پەرلەمان بوون و نەیانتوانی کەڵک لەو ژمارەیە وەربگرن، ھەروەھا نەشیانتوانی نەخشی سیاسییان ھەبێ لەکاری پەرلەمانی و بڕیاری سیاسیدا، تەنانەت لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا نەیانتوانی یەک یاسا لەپەرلەمان دەربکەن، تۆ سەنگەر لەبەرامبەر بگری ئەویش لێت ناگا، ئەنجامەکەشی دەبێتە زۆرینەو کەمینە، ئەوکات ئۆپۆزسیۆن یان ڕای کردۆتە دەرەوە یان تەپڵی لێداوە یان شەڕی دەبە ئاوی کردووە، کۆتاییەکەشی دەستی لەبن ھەمبانەکەوە".
محەمەد حاجی مەحموود سەرنجی حیزبەکەیان دەخاتەڕوو لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەدان ھەڵبژاردن لەوەختی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت.
" لێدوانی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵاو ئامادەکارییەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە ھەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکرێ، ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانین لەوادەی خۆیاندا، ھەروەھا دژی ئەوەین پێکەوە ئەنجام بدرێن، چونکە ئەوە سەر لەدەنگدەر دەشێوێنێ و لەبەرژەوەندی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانە".
محەمەدی حاجی مەحموود، بێجگە لەوەی سەرەتای خەباتی سیاسی لە(یەکێتی نیشتمانی کوردستان)دا دەستپێکرد، بەدرێژایی کاری سیاسی خۆی نزیکایەتی و ھاوپەیمانی لەگەڵ ئشەو حیزبە ھەبووە، بەڵام چاودێران سەرنجیانداوە لەدوای نەخۆشکەوتنی (مام جەلال) لەساڵی پارەوە، ئەو زیاتر وەکو دۆستێکی نزیکی (پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی) دەردەکەوێ، بۆخۆی نکوڵی لەوە ناکات و لەو بارەیەوە گوتی " ئامادە نەبوونی مام جەلال لەکوردستان و گۆڕەپانی سیاسی، کاریگەریی ھەبووە لەسەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بەڵام ھەر ماوە ئەو پەیوەندییەکە، راستە کە لەگەڵ مەسعود بارزانی پێوەندی و لێک نزیکبوونەوەمان ھەیە بەو پێیەی ئەو سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە".
سکرتێری حزبی سۆسیالیست لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە سکرتێری سۆسیالیست ھۆکاری ئەوەش بۆ شێوازی کارکردنی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕێتەوەو دەڵێ"
محەمەدی حاجی مەحمود، ئەندامی شاندی باڵای ھەرێم بوو کە لەماوەی ڕابردوو سەردانی بەغدایانکرد، بەبڕوای ئەو تەنیا کۆنفیدراڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغداو ھەرێم دەکات"ئێستا کێشەکان ئاساییە، بەڵام چارەسەری تەواویان بۆ نەکراوە، پێمانوایە تەنیا کۆنفیدراڵی چارەسەری ئەو کێشانە دەکات ، بەپێچەوانەوە کێشەکان وەک خۆیان دەمێننەوە".
لەبارەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و وادەی بەستنی کۆنگرەکە، سکرتێری حزبی سۆسیالیست گوتی"لەساڵی ١٩٧٧ لەشاری بەیروتی پایتەختی لوبنان یەکەم کۆنگرەی نەتەوەیی کراو بڕیاربوو نوێنەری ھەموو حزبەکان تێیدا بەشدار بن، بەڵام دواتر کۆنگرەکە بووبە ئەرشیف و لەم دواییەدا زەمینەی بۆ ساز کرایەوەو ڕێکخرا، بەڵام ئەو وادەیەی بۆ کاتی بەستنی کۆنگرەکە دیاری کراوە گونجاو نییەو دەکەوێتە ٣ ڕۆژ پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە".