Heman Hussein Yaseen
20 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢١/٢/٢٠ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری نوێی ھەولێر، ئومێد خۆشناو کرد.
بەپێی ھەواڵێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پارێزگاری ھەولێر کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا و جەختی لەوە کردەوە کە، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، خزمەتی ھەموو دانیشتووان و پێکھاتە جیاوازەکانی پارێزگای ھەولێر بکات، بەتایبەتیش خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت.
لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەدا ھاتووە: ''سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە بە ھەموو شێوەیەک، پشتیوانیی پارێزگاری ھەولێر دەکات بۆ ئەوەی لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت و، بە باشترین شێوە خزمەتی ھاووڵاتییان بکات.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە، پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو، سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی کرد و دڵنیاییدا، کە بە ھەموو شێوەیەک کار دەکات لە ئاست متمانە و چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا بێت، لە پێناو زیاتر بووژانەوە و پێشخستنی ھەولێردا.