Zana Natık Kerem
03 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەی بۆ ھەولێر لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆبوویەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی سیاسیی عێراق، ھەروەھا گرنگی پشت بەستنی لایەنە سیاسییەکان بە گفتوگۆی نیشتمانیی بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسیی کە کاریگەریی لەسەر رەوشی گشتیی دروستکردووە و بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتییان، جگە لەوەیش ھەڕەشە لە شڵەژانی سەقامگیریی دەکات تاوتوێ کراوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر رۆڵی کەسایەتییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئاسانکاریی تێگەیشتن و کەمکردنەوەی گرژییەکان و دوورکەوتنەوە لە ھاندان، ھەروەھا گرنگی پشت بەستن بە گوتاری نیشتمانیی بەرپرسانە لە پێناو عێراقێکی فیدراڵ و دیموکراسی کە تیایدا وشەی دەستوور و یاسا لە سەروو ھەمووانەوە بێت.
باسی لەوەش کردووە کە ھەردوولا، باسیان لە ئاڵنگارییە ئەمنییەکان کردووە و جەختشیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ھەماھەنگییە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر، بە ئامانجی چارەسەرکردنی ژمارەیەک دۆسیە لەسەروویانە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ھەروەھا دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکان بۆسەر خاکی عێراق و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوە و پەنگایەک بۆ ھەڕشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ.
ئەمڕۆ دووشەممە سێی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری گشتیی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی گەیشتە ھەولێر.