Heman Hussein Yaseen
07 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، برۆنۆ ئۆبێر.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی مەسعود بارزانی لە دیدارێکدا کە کۆنسولی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێر، یئۆلیڤیێ دیکۆتینی ئامادەیبوو، بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشھاتەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە تاوتوێ کرا و بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و خۆپێشاندان و گرژییەکانی ئەم دواییەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئاڵۆگۆڕ کرا.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و گۆڕانی ھاوکێشە سیاسی و مەیدانییەکان لە باکووری سووریا خرایە بەر باس و لەم بارەیەوە ھەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری قووڵتربوونی نەھامەتی و ئازارەکانی گەلی کورد و ھەروەھا ئاییندە و چارەنووسی گەلی کورد لە سووریا نیشان دا.
هەروەها ئاماژە بەوەیشدراوە کە تاوتوێکردنی ھەڕەشەی تیرۆر و ھزری توندڕەوی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.