Zana Natık Kerem
02 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند، پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن و ھیچ پرس و بیانوویەکی تریش بۆ دواخستنی جێگای قبوڵکردن نییە.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا کە کۆنسولی گشتیی بەریتانیا لە ھەولێر، رۆزی کەیڤ ئامادەیی بوو، بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشھاتەکانی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن خۆشحاڵیی خۆی نیشانداوە بە ھەنگاوەکانی لایەنە سیاسییەکان بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و ھاوبەش.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە پەیوەست بە پرسە سیاسییەکانی ھەرێم، مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی ترە، پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن و ھیچ پرس و بیانوویەکی تریش بۆ دواخستنی جێگای قبوڵکردن نییە.
راشیگەیاندووە کە بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ کراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە پێویستە رێکخستن، نوێکردنەوە و چاکسازیی لەناو ریزەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ پڕەنسیپ و مۆڕاڵ، هەروەها سەروەرییەکانی پێشمەرگەدا ھاوتا بێت.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها گفتوگۆکراوە لەبارەی کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق.