قودس
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە کاری هەرە لەپێشینەیان پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتییانی ئیسرائیلە.
پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کابینەکەی، لە روونکردنەوەیەکدا ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد کە ئیسرائیل لەو رۆژەوەی دامەزراوە، "بەردەوام دەستی ئاشتی درێژکردووە بۆ دراوسێکانی.
راشیگەیاند کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا "زۆر بە توندی گورزی گەورەیان لە حەماس داوە" و ئاشکرایکرد "نزیکەی هەزار تیرۆریستمان کوشتووە و سەرکردەکانمان کردووەتە ئامانج و تونێلەکانیشمان بۆردومان کردووە."
ناتانیاهۆ باسی لەوەکرد کە "لە سەرەتای دامەزراندنی حەماسەوە تا ئێستا ئەوەندە بە توندی گورزی گەورەی بەرنەکەوتووە."
راشیگەیاند کە حەماس تەواوی ئەو داوایانەی هەیبووە بۆ ئاگربەست کشاندوویەتییەوە و گوتی: "هیوادارم ئەو ئارامییەی هەیە ماوەیەکی دوورودرێژ بخایەنێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو سیناریۆیەک کە لێرەو لە بەرزاییەکانی جۆلان بەرامبەرمان ئەنجام دەدرێ. بەردەوام دەبین لە پێشخستنی پاشماوەی سەهیۆنی، لە بری سەرلەنوێ بنیاتنانەوە، دەستەواژەی پێشخستن بەکاردێنم، چونکە خۆمان دەستمان بەوەکردووە."
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەو هاوکاری و یارمەتییانە کرد کە وڵاتەکەی بەنیازە بۆ شارەکانی نزیک کەرتی غەززە پێشکەشی بکا و گوتی: "دەنگدەدەین لەسەر پڕۆژە بڕیارێک بۆ هاوکاری شارەکانی نزیک سەدرۆت و کەرتی غەززە بە بڕی ١.٥ ملیار شەکەل '٤١٩ ملیۆن دۆلار' بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ئامانج لەم یارمەتییانەش بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و رەواندنەوەی ئەو زیانانەیە کە بەر ئەو ناوچەیە کەوتووە. هاوکات چەندین ژێرخانی ئەمنیش بنیاتدەنێین. لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا پاکێجێکی هاوکاری ئاشکرا دەکەین بۆ شارەکانی رۆژهەڵاتیش، هاوکات هەموو ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی هەن پڕیاندەکەینەوە."
لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەی ساڵانێکە گەمارۆی غەززەی داوە، ئیسرائیل لە ٧ی تەمووزدا هێرشی ئاسمانیی خۆی بۆسەر شارەکە دەستپێکرد و لە ١٧ی تەمووزیشەوە دەستیکرد بە هێرشکردن لە رێگەی وشکانییەوە، دواتر هێزەکانی سوپایان لە رێی وشکانیەوە کشاندەوە و بەردەوامیدا بە هێرشە ئاسمانییەکانی.
لە ٢٦ی ئابدا بە نێوەندگیڕی میسر ئاگربەست لە نێوان لایەنەکانی فەلەستین و ئیسرائیلدا هاتەئاراوە.
لە ماوەی ٥١ رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، دوو هەزار و ١٤٧ کەس کە ٥٧٨ یان منداڵبوون کوژران.
هاوکات ١١ هەزار زیاتر برینداربوون و ٦٦ سەربازی ئیسرائیلی و چوار هاوڵاتی سڤیل و کرێکارێکی بیانیی کوژران.
کەتیبەکانی عیزەدین قەسام کە باڵی سەربازیی حەماسە، رایانگەیاندبوو کە ١٣١ سەربازی ئیسرائیلیان کوشتووە.