ھەولێر
پارتە نوێیەکەی تورکمانەکان لە ھەولێر کۆنگرەی خۆیان بەست و دروشمی "پاڵپشتیی ھێزی پێشمەرگە دەکەین" ھەڵگرتبوو.
لە شاری ھەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەندین پارتی سیاسی و پارێزگاری ھەولێر، ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی تورکمانی "پارتی گەشەپێدانی تورکمان"ییان راگەیاند و بەوەش گردبوونەوەی تورکمانە بێ لایەنەکانییان ھەڵوەشاندەوە.
کۆنگرەی پارتەکە بە ئامادەبوونی ١٦٣ ئەندام بەڕێوەچوو و لە پرۆسەیەکدا بە ئامادەبوونی دادوەرێک وەک نوێنەری دادگەی تێھەڵچوونەوەی ناوچەی ھەولێر، ھەڵبژاردن بۆ سەرۆک و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتەکە کرا و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان محەمەد سەعدەدەین بەسەرۆکی حزبەکە و ٢٠ ئەندامی دیکەش ھەڵبژێردران.
لەھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٧ حزبی سیاسی ھەن کە بەشێکیان بەپێی پێکھاتەی دانیشتوان دابەش بوون، چەندین حزبی تورکمان ھاوشانی حزبی مەسیحی و کورد بوونیان ھەیە.
سەرۆکی پێشووی گردبوونەوەی بێ لایەنی تورکمانی مونا نەبی قاوەچی کە ئەندامانی پارتە نوێیە دامەزراوەکە بەشێکی ئەو گردبوونەوەیە بوون، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "ئەمڕۆ ئەو پارتە نوێیە دامەزرا و پیرۆزباییان لێدەکەم و ھیوادارم لەکارەکانیاندا سەرکەوتووبن، گرنگە ئەو پارتەش بتوانێ لەلایەن خۆیەوە داکۆکی لەمافی تورکمانەکان بکات."
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان محەمەد سەعدەدەین لە لێدوانێدا باسی لەوە کرد كه ھاوشانی کورد لە ھەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافی زیاتر بۆ تورکمانەکان کار دەکەن، لەبارەی ناوچە كێشەلەسەرەکانیشەوە گوتی: "دەمانەوێ نوێنەرایەتی تورکمان لە ھەرێمی کوردستان بەھێز بکەین و بەھاوکاری لەگەڵ برا کوردەکان بهرگری لە مافەکانی تورکمان بکەین و ئێمە کاردەکەین بۆ گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان."