سلێمانی
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە میانەی گوتەیەكدا لە پلاتفۆڕمی سلێمانی باسی لە گرنگی پلاتفۆرمەكە و كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان كرد.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەنجامدانی ئەم پلاتفۆرمە لەم كاتەدا دەستپێشخەرییەكی گرنگە كە هەموو پارێزگاكانی عێراقی كۆكردۆتەوە، هیوادارین سوودێكی باشی هەبێت بۆ داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان پارێزگاكان و ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان لە بوارە جیاكاندا".
هەروەها گوتی: "خۆشحاڵم لە بارودۆخێكی ئاڵۆزی ئەمڕۆی عێراقدا باس لە چۆنێتی پێكەوە كاركردن و هەماهەنگی بەرەوپێَشبردنی ئابووری پارێزگاكان دەكەن".
ئەوەشی گوت: "خەڵكی عێراق ئەمڕۆ لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین، هۆكارەكەشی پشتگوێخستنی دەستوور و پەیڕەو نەكردنی تەوافوقە لە حكوومەتدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەندین جار هەموانی لەوە ئاگادار كردەوە بەڵام گوێ لە سەركردایەتی سیاسی كورد نەگیراو ئەنجامەكەی ئەوەی رووی نەدابوو روویدا".سەرۆكی حكوومەتی هەرێَم زیاتر لەو بارەیەوە دوا و گوتی:" هەموو گەلانی عێراق ئەنجامی ئەو سیاسەتەی بینی كە ماڵوێرانی و كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەم وڵاتەی لێكەوتەوە".
بارزانی گوتی: "سیستمی فیدراڵی لە حكوومەتی فیدرالی رەنگی نەدایەوە و زۆربەی كات پێكهاتەكانی بەشداربووی حكوومەت گلەیی ئەوەیان هەبووە و بەشێك لە كوتلەكانیش لە حكوومەت كشاونەتەوە، هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری داوە بۆ پێكهێنانەوەی تەوافوق و پێَكەوە ژیانی یەكسانی نێوان هەموو لایەنەكان، بەڵام ئەنجامی نەبوو".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم باسی لە ئاوارەكان و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان كردو گوتی: "بەهۆی هاتنی ئەو ئاوارانەوە ساڵانە پێویستیان بە یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار هەیە، گەلی كوردستانیش بە هۆی نەدانی بوودجەی هەرێم و شەڕی داعشەوە لە دۆخێكی سەختدایە، هەروەها دۆخی دەروونیشیان باش نییە بەهۆی رفاندنی دوو هەزار ئافرەتی ئێزیدییەوە لەلایەن داعشەوە".
ئاماژەی بەوەش كرد حكوومەتی فیدراڵی پابەندییەكانی خۆی بەرامبەر پێشمەرگە جێبەجێ نەكردووە وەك سیستمی فیدراڵی عێراق و زۆرجاریش كێشەی بۆ ئەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانە دروست كردووە كە پێشكەش كراون.نیگەرانی خۆشی نیشاندا لە بێبەشكردنی هەرێمی كوردستان لە بەشداریكردن لەو كۆنگرە و كۆنفراسە نێودەوڵەتییانەی ئەنجام دەدرێن و نوێنەرانی هەرێم بەشدار نین تێیاندا.
نێچیرڤان بارزانی لە بارەی نەوت و بوودجەوە گوتی: "پێش ساڵێك لایەنەكانی كوردستان لەم شارە رێككەوتن لەسەر بەشداریكردن لە حكوومەتی فیدراڵی، هەروەها رێكەوتنێكی نوێمان لەسەر هەناردەكردنی نەوت كرد بەوەی رۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكەین و بەغداش پشكی 17 لەسەدمان رادەست بكات".بۆ ئەو مەبەستە و لەماوەیەكی كەمدا بەهەوڵێكی زۆر بەرهەمی نەوتمان گەیاندە ئەو رێژەیە، لە بەرامبەردا حكوومەتی فیدراڵی ئەو بوودجەیەی نەناردووە".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە كە دەیانەوێت هەموو كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن و كۆتایی بەو هەموو كێشەیە بهێنن كە گەلانی عێراقیش گیرۆدەی بوون.
ئەو گوتی: "حكوومەتێكی هاوبەش و تەوافوقمان دەوێت لە بەغدا، ئەو كاتەی سەرۆكوەزیرانی پێشوو بوودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی هیچ مانایەكی بۆ ئەو تەوافوقە نەهێشتەوە، ئێستاش حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی 10 لەسەدی بەشە بوودجەی كەمكردۆتەوە كە ئەوەش عەقڵیەتێكی زۆر مەترسیدارە و نابێت لە حكوومەتی تەوافوقیدا ئەو بڕیارانە بدرێت و چیتر ناتوانین ئەو غەدرە قبووڵ بكەین".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە كۆتایی وتارەكەیدا پیرۆزبایی لە گەلانی توركیا كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە و هیوای خواست ئەو پرۆسەیە ببێتە مایەی زیاتری خۆشگوزەرانی و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەكەدا.
پلاتفۆرمی سلێمانی بە بەشداری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ ژمارەیەك لە وەزیران و پەرلەمانتارانی كوردستان، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتارانی عێراق، لەگەڵ پارێزگار و شاندی 19 پارێزگای عێراق بەرێوە دەچێت.