Hemin Hüseyin
27 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر ئاماری رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٨ی خستەڕوو کە تیایدا لە ئەنجامی ھەزار و ٣٤٨ رووداوی ھاتوچۆدا، ھەزار و ٦٦٣ کەس بوونەتە قوربانی و بەراورد بە ساڵی رابردوو، نزیکەی ١٧ ھەزار و ٨٠٠ ئۆتۆمبێل زیاتر ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر، فازڵ حاجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٧٩ ھەزار و ٥٠٠ ئۆتۆمبێل ھاتووەتە ناو ھەرێمی کوردستان و ئەمەش بەراورد بەساڵی رابردوو، ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل زیاتر بووە بە شێوەک کە لە ساڵی ٢٠١٧دا، ٦١ ھەزار و ٧٠٠ ئۆتۆمبێل ھاوردەکراوە، بەم پێیەش ١٧ ھەزار و ٨٠٠ ئۆتۆمبێل زیاتر لە ٢٠١٨ ھاوردە کراوە، ھەروەھا ٧٦ ھەزار و ٩٩٩ ئۆتۆمبێل بەگشت جۆرەکانییەوە تابلۆیان پێدراوە، بەڵام لە ٢٠١٦دا، ٤٦ ھەزار و ٧٧٩ ئۆتۆمبێل تابلۆیان پێدرابوو".
فازڵ حاجی گوتیشی: "لە گومرکی ئیبراهیم خەلیل، ٢٦ هەزار ئۆتۆمبێل و لە گومرکی حاجی ئۆمەرانیش ٥٣ هەزار و ٥٠٠ ئۆتۆمبێل هاوردەکراون و هاوکات ٢٣٤ هەزار و ٤٧٥ ئۆتۆمبێل پشکنین (هەززە)یان بۆ کراوە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا، ھەزار و ١٦٠ مامەڵەی ھاووڵاتییان راییکراوە و ٢٠ ھەزار و ٥٨٣ مۆڵەتیش دراوە بەھاووڵاتییان، واتا ژمارەکەی زیاترە لە ساڵی ٢٠١٧، ھاوکات ھەر لە ساڵی ٢٠١٨دا، پێنج ھەزار و ٨٢٣ ئۆتۆمبێل ھەڵوەشاوەتەوە. لەبارەی رووداوەکانی ھاتوچۆ و ژمارەی قوربانیان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پاریزگای هەولێر گوتی: "لە ساڵی٢٠١٧دا، ھەزار و ٣٥٤ رووداو تۆمارکراوە کە تیایدا ٢١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ھەزار و ٤٣٧ کەسیش بریندار بوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا، ھەرچەندە ژمارەی رووداوەکان کەمتر بووەتەوە و بووەتە ھەزار و ٣٤٨ رووداو، بەڵام لە ئەنجامدا ٢٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ھەزار و ٤٠١ کەسیش بریندار بوون".
فازڵ حاجی ئەوەیشی خستەڕوو کە لە ساڵی ٢٠١٨دا، دوو ھەزار و ١٦٠ ئۆتۆمبێل و ٩٠٩ ماتۆرسکیل دەستی بەسەرداگیراوە و ژمارەی سەرپێچیش لە ساڵی ٢٠١٨ کەمتر بووە بە شێوەیەک ٢٨٧ ھەزار و ٩٠٦ سەرپێچی تۆمارکراوە، ھەروەھا ٧ ھەزار و ٩٢٥ شوفێر رەوانەی داواکانی ھاتوچۆکراون کە ٤ ھەزار و ٣٦٩ کەیس بە ھۆی شوفێری بێ مۆڵەت و نەبوونی مۆڵەتی جۆری ئۆتۆمبێل و لێخورین لەژێر کاریگەری سەرخۆشی و دەستکاریکردنی تابلۆ بەساختە و نایاسایی بووە، ھەروەھا ٨٠٤ شوفێریش پێبژاردن کراون لەبەشی داواکانی ھاتوچۆ.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کۆتایی ساڵ دەتوانن بڕی داهاتی ئەمساڵی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەستنیشان بکەن.