سەنا عەبدولجەواد خێزانی سكرتێری پارتی داد و ئازادی میسر لە لێدوانێكی بۆ AA ئاشكرایكرد دوای ئەوەی بەھۆی مامەڵەی خراپ لەگەڵ ھاوسەرەكەی لە زیندان مانیگرتووە، رەوشی تەندروستی زۆر تێكچووە.
سەنا گوتیشی ماوەیەكی درێژەی سەردانیكردنی ھاوسەرەكەی لە زیندان ئاستەنگ دەكرێ. ھەروەھا لەبارەی دەستگیركردنی لەگەڵ كوڕەكەی ئەو مامەڵە خراپەی لەگەڵی كراوە گوتی: "تا رۆژی دووشەممەی رابردوو سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ١٠ سەعات لەبەردەم دەرگای زیندان رادەوەستاین، بەڵام رێگەیان پێنەدەداین. رۆژی دووشەممە دوای ئەوەی زانیم ھاوسەرەكەم مانی گرتووە، سووربووین لەسەر سەردانیكردنی بۆ ئەمە دەرفەتیان پێداین. كاتێك بۆ سەردانیكردن چووینە ناو زیندان، لەناو ئەو ژوورەی بە جام دروستكراوە ئێمەیان لەبەرامبەر یەكتر راگرت، ئێمەش سەردانێكی لەو شێوەیەمان رەتكردەوە. ئەو كاتەی ھاوسەرەكەم ھات، گووتی لە زیندان مامەڵەی خراپی لەگەڵ كراوە بۆ ئەمەش دەستی بەمانگرتن كردووە."
عەبدولجەواد دەڵێ ئەلبلتاجی ھاوسەری پێیگوتووە: "لەو ژوورەی تیایدا زیندانیكراوم تەنیا لە كونێك رووناكی دەبینم، بەر لە چەند رۆژ ئەو رووناكیەی ھەبوو ئەویشیان گرت. بۆ ئەوەی ھەناسە بكێشم ناچارم خۆم تا بنی دەرگا بچەمێنمەوە. لەناو ژوورەكەم ھیچ نامھێنە دەرەوە."
سەنا عەبدولجەواد، لە درێژەی قسەكانیشیدا گوتی: "دوای ئەوەی لەگەڵ ئەنەسی كوڕم لە زیندان ھاتینە دەرەوە، بە كارمەندێكی زیندانەكەم گووت ( ئەوە زوڵمە، خودا تۆڵە لە زاڵم دەكاتەوە، زوڵمی دەوڵەت درێژە ناكێشێ ). بۆ ئەمە ئەنەسی كوڕمی لە ژوورێك زیندانیكرد، ویستیشی بە زۆر من لەوێ دەربكات. لەبەر ئەوەی قەبوڵم نەكرد ئەنەسی كوڕم لێجیابێتەوە، بانگی پاسەوانێكی ژنی زیندانەكەیان كرد. ئەو ژنە لە زەوی درێژیكردم و لێیدام و چەفیەكەی لەسەرم كردەوە. دواتر منیان لە ژوورێك زیندانیكرد. دوای دوو سەعات لەو ژوورە ئەفسەرێك بە جلی مەدەنی ھات، قسەی زۆر ناشیرینی پێ گووتم، بە زۆری ئیفادەیەكی پێ ئیمزاكردم گوایە من ھێرشم كردۆتەوە سەر پاسەوانە ژنەكە. دواتر بانگی كاربەدەستانی زیندانی كرد، داوای لێكرد كەلەپچەم بكات و رادەستی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەم بكات. منیش رەتمكردەوە بەبێ ئەنەسی كوڕم سواری ئۆتۆمبێلەكە ببم، دواتر ئەنەسیان ھێنا و ئێمەیان رەوانەی مەڵبەندی ئەلمەدائی لە باشووری قاھیرە كرد."
عەبدولجەواد ئاماژە بەوە دەكات كە دادوەرێك بۆ ماوەی یەك سەعات و ٣٠ خولەك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكات، لەكاتی لێپرسینەوە بەو دادوەرەم گوت، كە ھاوسەرم رووبەڕوی مامەڵەی خراپ دەبێتەوە و ناڕەزایم لە شێوازی سەردانیكردنیدا دەربڕیووە، بەڵام دادوەر پێیگووتم رووداوەكە بە ڤیدیۆ تۆمار كراوە، بەڵام لە ڤیدیۆیەكە ئەوەی بەدی ناكرێت كە ئەشكەنجەیان كردبی و چەفیەی سەریان ھێنابێتە خوارەوە.
سەنا عەبدولجەواد دەڵێ بە دادوەرم گوت، ئەو ڤیدیۆیە راستیەكان ناگوازێتەوە، بەشێكی رووداوەكە نیشان دەدات بەڵام بەشەكەی تر نیشان نادات، بۆیە لێكۆڵینەوە بە پشت بەستن بەو ڤیدیۆیە رەوایەتی نیە. دادوەر لە وەڵامدا پێی گوتم: "ئێمە زیندانیتان ناكەین، بەڵام ھەر یەكێكتان بە كەفالەتی ٧١٥ دۆلار ئازاد دەكەین."