سەنعا
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شاهید حاڵەكانەوە دەست كەوتوون، فڕۆكەكانی جەنگی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعوودیە 10 هێرشیان بۆ سەر قەڵای جەبەل شەریف لە پارێزگای حودەیدە كە لە لایەن حوسییەكانەوە وەكو بنكەی سەربازی بەكار دەهێنرێت ئەنجامداوە.
لە لایەكی دیكەوە چەكدارانی حوسی و چەكدارانی سەر بە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە شاری تەعز بە مووشەك هێرشی سەر چەند گەڕەكێكیان كردووە و بە هۆی ئەو هێرشانەوە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی كوژراون بەڵام هێشتا ژمارەی كوژراو و بریندارەكان نازانرێت.
ئەو ئاگربەستە پێنج رۆژییەی كە لە لایەن هاوپەیمانێتی عەرەبییەوە راگەیەنرابوو رۆژی 17ی ئەم مانگە كۆتایی پێهاتبوو.
هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعوودییە بۆ رێگریكردن لە پێشڕەوی كردنی چەكدارانی حوسی لە یەمەن رۆژی 26ی ئاداری رابردوو دەستی بە ئۆپەراسیۆنێك بە ناوی گەردەلوولی ئەلحەزم كردبوو و ئەو ئۆپەراسیۆنە رۆژی 21ی نیسانی رابردوو كۆتایی پێهاتوو و ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی هیوا بۆ خەڵكی یەمەن دەستی پێكرد.