هەولێر - شوان سديق
لەهەرێمی كوردستان، زیاتر لە 35 حزب و لایەنی سیاسی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، مۆڵەتی كاری سیاسییان پێدراوە، بە ئازادانە كاری خۆیان دەكەن، لە هەڵبژاردنەكانیش مافی بەشداریان بۆ پەرلەمان هەیە.
لە كۆی ئەو رێژە لە حزب و لایەنی سیاسی ئاژانسی ئانادۆڵو پێنج حزبی سەرەكی بە نموونە وەرگرتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی لە كوردستان.
ئەو پێنج لایەنە سیاسییە زیاتر لە ئاست سیاسی و بەڕێوەبردنی كاری حكوومەت و پەرلەمانیش رۆڵی سەرەكیان هەیە بەپێی بەدواداچوونێك رێژەی ژنان لە نێوایاندا نزیكەی لە 30% دەبێ.
پارتی: رێژەی ژنان لە سەركردایەتی كەمە
پارتی دیموكراتی كوردستان، لەساڵی 1946 دامەزراوە، رێژەی كورسییەكانی لە پەرلەمان 38 لەسەر ئاستی پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە جەعفەر ئیبراهیمە پۆستەكەی بەدەستە هەروەها سەرۆكی حكوومەت نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی ئەو دوو پۆستە باڵایە دەكەن. زۆربەی ئۆرگانە حكوومیەكانی هەرێمی كوردستان بەدەست پارتیەوەیە.
ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەڤین هروری ئاماژە بە رێژەی ژنان لەناو حزب و ئۆرگانەكانی پ.د.ك دەكات و بۆ ئانادۆڵو گوتی: "رێژەی ژنان لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەتی لە رێكخستن و ئۆرگانەكاندا ئەوانەی كە فۆڕمیان پڕكردووەتەوە، نزیكەی لە سەدا 30یە بەڵام وەك دەنگدەر و لایەنگری تری پارتی رەنگە رێژەكەی زیاتر بێ".
هروری باسی لەوەشكرد ئەو رێژەیە لە تموحی ئێمەدا نییە چونكە لە لەئاستی سەركردایەتی پێنجی سەرەكییە، یەك كەسی تر ئەحتیاتە. بێگومانە ئەو رێژەیە بۆ بەئێمە كەمە.
گۆڕان: لەچاو حزبەكانی تر ئێمە باشترین
بزووتنەوەی گۆڕان، لەساڵی 2009 دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی خوولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بووە، بەخاوەنی 24 كورسی، لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم بەشداری كارای هەیە. پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوە دەبات لەلایەن یوسف محەمەد.
سەبارەت بە رێژەی ژنان لەناو ئەو حزبە، ئەندامێكی سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان باس لە دۆخی ژنان و رێژەكەیان دەكات لەناو حزبەكەیان.
ئەندامی ئەنجوومەنی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئێڤار ئیبراهیم دەڵێ: "ساڵی پار كۆنگرەمان ئەنجامداوە، بەپێی سیستەمی كۆتا رێژەی ژنان لەناو بزووتنەوەی گۆڕان 30% دیاریكراوە".
ئێڤار بۆ ئانادۆڵو گوتیشی: "ئەو رێژەیە بەدڵی ئێمە نیە بەڵام لەنێو لایەنە سیاسیەكانی تر لەهەرێمی كوردستان، رێژەی ژنان بەوشێوەیە نیە لەخوارترە".
ئەو ئەندامەی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان، كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیشە ئاماژە بەوەدەدا كە مانگی 12ی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی رێكخستنە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكرێ چاوەڕوانن، ژنان بەشداری زیاتر لەو هەڵبژاردنە بكەن، بۆ ئەوەی رۆڵی باش بگێڕن لە كایە سیاسی و رێكخستنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان.
یەكێتیی: رێژەی ژنان كەمی كردوە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ساڵی 1976 دامەزراوە سێ كۆنگرەی بەستووە، رێژەی كورسییەكانی لەپەرلەمانی كوردستان، 18 كورسییە لە حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێم پۆستی باڵای هەیە لەوانە جێگرانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆك وەزیرانی بەدەستە ئەو پۆستانەش هەر یەكە لە كۆسرەت رەسوڵ لە سەرۆكایەتی و قوباد تاڵەبانی لە حكوومەتی هەرێم بەڕێوەی دەبەن.
كادیرێكی ی.ن.ك جەخت لەوە دەكاتەوە، رێژەی ژنان لەناو حزبەكەیان كەمە پێیوایە پێگەی ژنان لەناو حزبە كوردییەكاندا بەراورد بەڕابردوو كەمی كردووە، یەكێتی بە نموونە دەهێنێتەوە.
كادیری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مریەم سەمەد دەڵێ: "رێژەی ژنان لەناو یەكێتیی نیشتمانیی، بەگشتی نزیكەی 30% دەبێ لەئاستی سەركردایەتیش لە چل ئەندام هەشتیان ئافرەتن".
مریەم كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیشە لەفراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گوتی: "رێژەی ژنان لەناو حزبەكان، بە گشتی كەمی كردووە، بەراورد بە رابردوو پێشتر كە خۆم بەرپرسی رێكخستن بووم لەناو حزب ژنان 40%ی ئۆرگانەكانیان پێكدەهێنا كەچی ئێستا رێژەكە زۆر دابەزیوە".
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەندامی پارتە سۆشیال دیموكراتەكانی جیهانە بەپێی سیستەمی سۆشیال دەبێ لە بەرامبەر پیاوێك ژنێك ئەندام بێ لە ئۆرگانەكانی حزبدا.
مریەم سەمەد دەڵێ: "ئەندامێتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەریزی پارتە سۆشیال دیموكراتەكان وایكردوە، دەبێ لەكۆنگرەی داهاتوو حزب بیر لەوە بكاتەوە، رێژەی ژنان زیاتر بكا و هەوڵ بدرێ دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان بڕەخسێ بۆ ئەوەی ژنان، رۆڵیان هەبێ لە بەڕێوەبردنی ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان".
یەكگرتوو: رێژەی ژنان سەدا چل و پێنجە
یەكگرتووی ئیسلامی لە كوردستان، وەك هێزی سێیەم لەسەر ئاستی سیاسی لە كوردستان، ژنان لەئاست حزب و حكوومەت و پەرلەمان بەشداری كارایان هەیە. لە 10 ئەندام لە پەرلەمان 3یان ئافرەتن. هەروەها لەسەرئاستی عێراقیش تەنیا بۆ وەزارەتی كاروباری ژنان ئافرەت دەستنیشانكراوە، ئەو پۆستەش لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامی بەیان نوری وەك وەزیر كاندیدی كردووە بۆی.
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، خەرامان محەمەد لە لێدوانێك بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "لە ئاستی سەركردایەتی 35 ئەنداممان هەیە لەو رێژەیە 9 ئافرەتیان ئەندامی سەركردایەتین، هەروەها لە مەكتەبی سیاسیش 15 ئەنداممان هەیە لەو رێژەیەش 3یان ئافرەتن، بەگشتی لە ئاستی حزب رێژەی ئافرەتان %45 لە سەدە خەریكە بەرامبەر دەبێتەوە بەرێژەی برایان لە یەكگرتووی ئیسلامی".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو كەهاوكات سكرتێری رێكخراوی یەكگرتووی خوشكانی ئەو حزبەشە گوتیشی "رێژەی ژنان لەناو یەكگرتوو لەسەرتادا وەها بووە، لە كۆنگرەی شەشمی یەكگرتوو وەكو ژنان داوامانكرد دەبێ رێژەی ژنان و خوشكان لە %25 كەمتر نەبێ".
خەرامان باس لەوە دەكا لەناو یەكگرتوو عەدالەتێك دارێژراوە، لەسەربنەمای كاركردن و توانایە نەك رەگەزی لە نێوان ژنان و پیاوان".
هەروەها گوتیشی "لەناو یەكگرتووی ئیسلامی لە پرەنسیپەكاندا ئیشوكاری ژنان و پیاوان رێكخراوە، بەپێی پەیرەوی ناوخۆش رێژەی سەدا بیست و پێنج چەسپێنراوە".
خەرامان محەمەد رایگەیاند كە لەخوولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، ژنانی یەكگرتوو لەناو پەرلەمان پەنجا بە پەنجا بووە، بەڵام لە خوولی ئێستا بەرێژەی %30 ژنان لە پەرلەمانن.
ژنانی ناو حزبی یەكگرتووی ئیسلامیش بێبەش نین لەو گرفتانەی دێنە بەردەم كارەكانیان.
وەك خەرامان محەمەد دەڵێ: " ژنانی یەكگرتووی ئیسلامی هاوشێوەی ژنانی تر كێشەیان هەیە بەتایبەتی لەئاستی كۆمەڵایەتی كە ئەمە كێشەیەكی گشتگیرە، بەڵام لە كاری سیاسی لەناو یەكگرتوو رێگری كەمترە چونكە ئەو پێوەرە بۆ سەركردەی پیاو دانراوە، بۆ ژنانیش وەهایە".
لەناو كۆمەڵ ژنان رۆڵیان كەمترە
كۆمەڵی ئیسلامی لە كوردستان، دوای ساڵی 2002 دامەزراوە، ئەویش لە ئاستی ژمارە و رێژەی دەنگی حزبەكان پێنجەم حزبە و ژمارەی كورسیەكانی شەشن، لەگەڵ پۆستی سكرتێری پەرلەمان، لەنێو رێژەی كورسییەكان و پۆستی سكرتێری پەرلەمان دوو ئافرەت ئەندامی پەرلەمانن. كادیرێكی ئەو حزبە دەڵێ: "ژنان رۆڵیان لەناو حزب بەراورد بە پەرلەمان كەمترە".
ئەندامی پەرلەمان و كادیری كۆمەڵی ئیسلامی شوكریە ئیسماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەر ئاستی پەرلەمان رێژەی ژنانی كۆمەڵی ئیسلامیش لەسەدا سی بووە، بەڵام لەئاست حزب رێژەكە كەمبووە، بۆنموونە لە 10% بێگومان ئەو رێژەیە زۆر كەمە لە مەڵبەند و ئۆرگانەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ژنان كەمتر رۆڵیان هەبووە، ئەوەش هۆكارەكەی كەمی بەشداری ژنان بووە، یاخوود شێوازی بەشداری پێكردنیان وایكردوە، خوشكان لەناو كۆمەڵ كەمتر بن".
شوكریە گوتیشی: "لە كۆنگرەی رابردوو لە 10% رێژەی ژنان لەناو كۆمەڵی ئیسلامی دیاری كراوە، بەڵام بڕیارە لە كۆنگرەی ئایندە كە بڕیارە بەم نزیكانە ببەسترێ رێژەی ژنان بەرزبكرێتەوە بۆ 20% ئەم رێژەیەش جێی دڵخۆشی خۆشكان دەبێ و كاریگەری باشە بۆ ئەوەی ژنان لەناو ئۆرگانەكانی حزب جێ دەستیان دیاربێ".
پەرلەمان لە پێش حكوومەتە
لە پەرلەمانی كوردستان، بەپێی سیستەمی كۆتا رێژەی ژنان جێگیركراوە، بۆ لە 30% بەڵام بە پشت بەست بە قسەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو رێژەیە لە حكوومەتدا رەنگی نەداوەتەوە. لەكۆی 19 وەزیر تەنیا یەك كەسیان ئافرەتن.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "لە هەرێمی كوردستان، ئافرەتان چالاكانە بەشداریی كاری سیاسی و پەرلەمانی و رێكخراوەیی و پیشەیی دەكەن. بە هەوڵ و توانای خۆیان و پشتگیریی حكوومەتیش، توانیویانە رێژەی كۆتا لە پەرلەمان بە 30% دابین بكەن".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گوتیشی: "من كار دەكەم و هیوا دەخوازم كە ئەو كۆتایە، لە ناو كابینەی حكوومەتیش لە داهاتوودا رەنگبداتەوە".
ئەو قسانەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی رێوڕەسمی رۆژی 25ی نۆڤمبەر بوو كە بەرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دادەنرێ.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێ: "ژنان بە هێز و توانایان، هاوكار بوون لە دەستكاریكردنی یاسا عێراقییەكان، بۆ نموونە توانیویانە فرەژنی سنووردار بكەن، توندوتیژی بە بیانووی شەڕەف وەك تاوان پێناسە بكەن، لە رێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی دادگای تایبەت بە توندوتیژی بخەنە گەڕ وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن و كارگێڕی لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و كارەكانمان، بۆ زیاتر چەسپاندنی ماف و ئازادییەكان و پێشخستنی پڕۆسەی دیموكراسی لە وڵاتەكەماندا".
news_share_descriptionsubscription_contact

