Heman Hussein Yaseen
10 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2023
هەولێر - AA
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، کەمال محەمەد رایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز سەردانی بەغدا دەکات.
کەمال محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە میانی بەڕێوەچوونی ئیڤێنتێکی حکوومەتی هەرێم، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەوانی دایەوە.
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تا ئێستا دوو کۆبوونەوە کراوە و لیژنەیەک بۆ ئەم مەبەستە لە نێوان حکوومەتی فیدڕال و هەرێمی کوردستان دروست کراوە و چەند ماددەیەکیش نووسراوەتەوە، گوتی: "لیژنەکە کاری باشیان کردووە لەسەر بابەتەکە و رەنگە سەدا ٧٠ی کارەکان تەواو بووبێت و پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەم مەبەستە".
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان هەروەها لەبارەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان، گوتی: "لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی کارەبا هەزار و ٩٠ مێگاوات زیادی کردووە، لەو ژمارەیەش ٥٠٠ مێگاوات لە بازیان، ٣٠٠ مێگاوات لە خەبات، ١٦٥ مێگاوات لە گەرمیان، سێ ٢٩ مێگاواتی لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) و ٣٨ مێگاوات لە دێرەلووک، هەرچەندە جیاوازی هەیە لەنێوان مانگەکان بۆ پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، بەڵام ماوەی دوو مانگە رۆژانە ١٦ کاتژمێر بە هاووڵاتییان دەدرێت".
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سیستەمی پریپەیمێنت (پارەدانی پێشوەختە) گوتی: "چەند شوێنێکمان دەست نیشان کرد بۆ ئەوەی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پێ بدەین بەو سیستەمە نوێیە بە نرخی ١٥٦ دینار بۆهەر کیلۆواتێک، تا ئێستا سەرکەوتووبووە و لە بابەتی نرخەکەیشەوە بەراورد بەوەی کە پێشتر هاووڵاتییان دوو جۆر پارەی کارەبایان دەدا، ئێستا یەک جۆر پارە دەدەن و هەرزانتر دەکەوێت بەراورد بە پێشتر".