Dlshad Saifaalddin Ahmed
14 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2019
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ شەممە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بززوتنەوەی گۆڕان، رێکخەری گشتیی حزبەکە و سکرتێری جڤاتی نیشتمانی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیان هەڵبژاردەوە، لەم هەڵبژاردنەش عومەر سەید عەلی جارێکی تر پۆستی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی وەرگرتەوە.
لە هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیی، عومەری سەید عەلی بە بەدەستهێنانی ٢٨ دەنگ لەهەمبەر ١٢ دەنگی رکابەرەکەی، شۆڕش حاجی ، وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە.
دواتر دەنگدان بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەڕێوەچوو ، عەدنان عوسمان، وەک سکرتێری جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردرا.
بۆ خانەی ڕاپەڕاندنیش جەلال جەوهەر بۆ سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان ، دەرباز محەممەد بۆ سکرتێری کاروباری ژوورەکان، شەماڵ عەبدولوەفا بۆ سکرتێری کاروباری باژێڕەکان ، برزۆ مەجید بۆ سکرتێری کارووباری خەڵک هەڵبژێردران و بوونە ئەندامی نوێی خانەی راپەڕاندن .
رۆژی پێنجشەممەی رابردووش هەڵبژاردن بۆ سکرتێری جڤاتی گشتیی کراو جەمال حاجی محەممەد وەک سکرتێری جڤات هەڵبژێردرا و دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.