دیاربەکر
شڤان پەروەر گوتی: "لایەنگری ئاشتی و برایەتی و ھاوڕێیی دەکەم، ھەموو کاتێک لەخزمەتی ئاشتیداین لە قەندیلەوە بۆ ئەنقەرە لەوێشەوە بۆ بەغدا ئامادەین رۆڵی ئاشتی ببینین."
پاش ئەوەی شڤان پەروەر لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لەسەر داوەتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گەڕایەوە تورکیا و سەردانی دیاربەکری کرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەھۆتێلی مانەوەی خۆی لە دیاربەکر بەقسەکانی لەبارەی رۆژانی دەربەدەری و دورکەوتنەوەی لەوڵات چەند ساتێکی غەمباری دروستکرد.
شڤان بەم شێوەیە دوا: "لە سەردەمی رابردوودا تورکیا لەلایەن کورد و تورک و سەرجەم نەتەوەکانەوە دامەزراوە، بەڵام دواتر بەھۆی نکۆلیکردن لە کورد کەشێکی خراپ لە تورکیا دروست بوو، بەرگری لە ئازادیی گەلی کورد نەکرا، راپەرین و سەرھەڵدان ھەموو شوێنەکانی گرتەوە، کێشەی کورد و تورک زەرەر و زیانێکی زۆری لە ھەموو لایەکدا، سیاسەتی تواندنەوە بەسەر گەلی کورد بەردەوام بوو، پرۆگرامێک دژی نەتەوەی کورد بەکارھێنرا، بەھۆی یاساکانی دەستوری تورکیا ژیان و مافی کوردان گەشەی پێنەدرا.
"ناوی تورکیای تازەی لێنرا"
"تورکیا خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و بەرزە، تورکیا توانای لەئامێزگرتنی سەرجەم نەتەوەکانی ھەیە بەھەموو جیاوازیەکانەوە."
شڤان گوتی: "وەک ئەوەی دەبینن پێویستمان بە سەرکەوتن ھەیە بۆ ئەوەی زاڵبین بەسەر ھەڵە و بارودۆخەکانی ڕابردوی وڵات، لەبەر ئەوە ناومان نا "تورکیای تازە"، دەبێت رێز لەمافەکانی مرۆڤ بگرین و جیاوازیەکان قبوڵ بکەین، بۆ دەستەبەرکردنی دیموکراسی پێویستمان بەسەر کەوتن ھەیە، ئەو سەرکەوتنەش دوێنی دەستی پێکرد".
دیداری دوێنێ رووداوێکی گەورە و سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ نەتەوەکانی تورکیا و بەھارێکی دڵڕفینی رەخساند، شڤان گوتی: گەنجێکی قۆز بووم لە وڵات دور کەوتمەوە، بەپیری گەڕامەوە وڵاتەکەم، شتێکی زۆر ناخۆشە، ھەندێک کات مرۆڤ بەدەست خۆی نییە دەگری، ئێستا گەڕاینەوە وڵاتەکەمان، پێویستمان بەکات ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە بگونجێین، چونکە چەندین ساڵە دورکەوتوینەتەوە، دڵم دەخوازێ بەشەقامەکانی دیاربەکردا پیاسە بکەم، لەگەڵ خەڵکی شارەکە قسەبکەم، لە حاڵیان بپرسم و مەرحەبایان لێ بکەم، ئەوان بگرمە باوەش، ئەوان منیان خۆشویست منیش بەردەوام ئەوانم لە دڵی خۆمدا ھەڵگرتوە، ھەرچەندە لە دورەوڵاتیش بم بەڵام ئەوان ھەردەم لەدڵی مندا بوون، بەو حەسرەتەوە ژیانم بەسەر دەبرد، ھێشتا سەردانی گۆڕی دایکم نەکردووە، خزم و کەسوکار و ھاوڕێکانم نەبینیوە، ئێوە خۆشبن، ئێوە کەسانێکی زۆر گرنگن، پارێزگاری لە شتە جوانەکان دەکەن، ئومێدەوارم ئەو کەسانەی کە نەتەوە پەرست و ڕەگەز پەرستن گۆێیان لێ دەبێت و بیردەکەنەوە لەدڵەوە گفتوگۆ لەسەر ئەم سەرکەوتنە دەکەن، چونکە ھەموو مرۆڤێک کاتێک دێتە جیھان مافی ژیانی ھەیە، ھەمو کەس مافی ھەیە بە کەلتور و گرنگیە راستەقینەکانی خۆی لەسەر زەوی ژیان بەسەر بەرێت."
"ھەردەم بەکورد ماینەوە"
پەروەر لە گوتەکەیدا ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەر کرد و ئامادەیی خۆی نیشاندا کە لە رێگای ھونەرەوە خزمەت بە پرۆسەکە بکات.
شڤان گوتی: "دەبێت زمانی کوردی بەرەسمی بناسرێت، پێویستە ھەندێک بوار بدرێت بەگەلی کورد بۆ ئەوەی پارێزگاری لە گرنگیەکانی بکات و فراوانی بکات، ڕێگەیان نەدا منداڵانی کورد بە زمانی خۆیان بخوێنن، ھەرچەندە لە خوێندنگا و زانکۆکاندا بەزمانی تورکی خوێندومانە، بەڵام ھەرگیز نەمان ھێشتوە زمانی کوردی لەیاد بکەین و شێوەزار و زمانمان پاراستوە، ئێمە ھەردەم بە کورد ماوینەتەوە، بەزمانی تورکی قسەمان کرد، بەڵام دڵ و دەرون و ناخمان ھەردەم بە کورد ماوەتەوە، ئەگەر بەزمانی کوردی بخوێنین ئەوا بە کەسایەتیەکی گرنگ و باشتر دەردەکەوین، ئێستا ھەندێک رێکخراو ھەوڵی ئەوە دەدەن و دەستیان بە پەروەردەی کوردی کردوە، وەقفی مێزۆپۆتامیا لە زانکۆکاندا دەستی کردوە بە خوێندنی زمانی کوردی، یەکێکم لە ئەندامانی ئەو وەقفە، ھەوڵدەدات بۆ دروستکردنی زانکۆیەک بۆ پەروەردەی کوردی."
"بەیەکەوە لەگەڵ برا ھونەرمەندە تورکەکانم گۆرانی دەڵێین"
پەروەر لە گوتەکانیدا سوپاسی دەستپێشخەریی پرۆسەی ئاشتی کرد و گوتی: "بارزانی کاردەکات بۆ ئەوەی بتوانێت گەورەترین پشتیوانی لە پرۆسەکە بکات، بەڕێز بارزانی ھەموو کات داوای ئاشتی کردووە، ھیچ کاتێک لەگەڵ شەڕ و ناخۆشیدا نەبووە، باوکی بارزانی نەمر مەلا مستەفا بەردەوام خەباتی لەپێناو پاراستن و پشتگیریکردنی نەتەوەکەی کردوە، ھەرگیز کەسی ئەزیەت نەداوە، دڵی کەسی نەشکاندوە، ئاشکرایە کە رژێمی عێراق چی بەسەر میللەتی کوردی باشور ھێناوە، ھەردوو ھاورێی زۆر خۆشەویستم " ئەحمەد کایا و یڵماز گونای" لە دورەوڵات ماڵئاواییان لێکردم، ئەوانم لەدەستدا، خودا لە گوناھەکانیان خۆشبێت و بەبەھەشتی بەرین شاد بن، تورکیا بەرەو جوانی فراونی کۆمەڵایەتی ھەنگاو دەنێت، پەنا بەخوا بەیەکەوە لەگەڵ برا ھونەرمەندە تورکەکانمان لە ئەدرنەوە بۆ ھەکاری لە وانەوە بۆ ئیزمیر لەسەرجەم ناوچەکانی وڵات گۆرانی بۆ ئاشتی دەڵێینەوە."
"باوەڕم بە ھەوڵی سەرۆکوەزیران کرد"
پەروەر لە کۆنگرەکەدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانی دایەوەو لەبارەی ئایا چی وای لە بەرێزتان کرد دوای ٣٧ ساڵ بگەرێنەوە بۆ وڵات؟ ، پەروەر گوتی: "نزیکەی ١٠ ساڵە داوەتیان کردم، بەڵام رەوشەکە گونجاو نەبوو بۆ گەڕانەوەم، بەرێز بارزانی ھاتە نێوەندەکەوە، پێی وتم کە سەردانی من کاریگەریەکی باشی دەبێت لەسەر پرۆسەی چارەسەر، باوەڕم بەھەوڵ و دڵی سەرۆکوەزیران کرد بۆ چارەسەری پرسەکە و ڕازییان کردم."
شڤان پەروەر باسی لەماڵئاوایی لەگەڵ ئەردۆغان کرد و گوتی: "بەخۆشیەوە ماڵئاوایمان لەگەڵ یەکتر کرد و ھیوای سەرکەوتنم بۆ خواست، پیرۆزبایم لەبەڕێز ئەردۆغان کرد لەپێناو ئەو سەرکەوتنەی دەستبەری کردوە بۆ پرۆسەکە، بەرێز ئەردۆغان پرۆسەیەکی بێ کەموکوڕی دەست پێکردووە، ئەم کارانە ھەوڵ و کۆششی گرنگن و پشتیوانی لە کارەکانی دەکەین."
"پێویستە ھەموو لایەک گۆرانی بۆ پرۆسەکە بڵێن"
لەبارەی سەردانی گۆڕی دایکی شڤان پەروەر گوتی: "دووبارە من بە گریان دێننەوە" .
شڤان گوتیشی: "ھەرکاتێک باس لە دایکم دەکەن خۆم پێڕاناگیرێت، غەمبار دەبم، قەرزداری دیکمم لە ھەموو رووێکەوە، ھەموو کاتێک ئاواتم ئەوە بوو سەردانی دایکم بکەم و لەسەر گۆڕەکەی قسەی لەگەڵ بکەم".
سێزان ئاکسو ھونەرمەندێکی گەورەو کەسایەتیەکی گرنگە و جێگای رێزە بۆ من لەگەڵ ئەو گۆرانی بڵیمەوە.
پەروەر گوتی: "لێرەوە سڵاو دەنێرم بۆ سێزان، پێویستە گۆرانی زیاتر بۆ ئاشتی بڵێت، تەنھا من نا، پێویستە ھەموو کەس گۆرانی بۆ پرۆسەی ئاشتی بڵێ."
شڤان لەبارەی دودڵی لە گەڕانەوەی بۆ تورکیا گوتی: "مرۆڤ کاتێک دەچێتە ناو ئاوێکی نەناسراوە پاشان بۆ دەریایەک ئەو کات ھەست بە قوڵی و سەرما دەکات، بەڵام کاتێک لەگەڵ رەوشەکە گونجا دەست بەمەلە کردن دەکات، ٣٧ ساڵە لە دوورەوڵاتم، گەلێک گۆرانکاری بەسەر وڵاتدا ھاتوە، شارەکان گەورە بوون، کەلتور و ھزرەکان گۆڕاون، کەلتورێکی گلۆباڵ پێگەشتوە، چەند دەتوانم خۆم بگونجێنم؟، پێویستە بەپێی ئەو گۆرانکاریانە ئامادەکاری بۆ گونجاندنکەی خۆم بکەم و پلانی بۆ دابرێژم."
" لایەنگری ئاشتی و برایەتی و ھاوڕێیەتی دەکەین، دژی شەڕ و ناکۆکین، لایەنگری ئاشتی و برایەتی و ھاوڕێیەتین، ھەموو کاتێک لەخزمەتی ئاشتین لە قەندیلەوە بۆ ئەنقەرە لەوێشەوە بۆ بەغدا، ھەموو کاتێک لە خزمەتی ئێوەداین."
شڤان لەکۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ئێستا ھەموو کەس وابیر دەکاتەوە ئەمرۆ یان سبەینێ دەڕۆمەوە ئورفە، بەدرێژایی ساڵ دژی کورد سیاسەتی تواندنەوە و ئەنتی پۆلیتیک بەرامبەرمان پەیڕەو کراوە، بە سەپاندنی دژە سیاسەت کۆمەڵگایان کرد بەگژ یەکتردا، کراین بە دوو بەشەوە بەلای ئەوانەوە کۆمەڵگاکەی تر "مەدەنیەتی نییە، ئاینی نییە، مێژووی نییە" ھەوڵی روخاندنی درا، بەردەوام لەگەڵ ئەوە ھەوڵم داوە، بەردەوام بەگۆرانیەکانم پارێزگاریم لە زمانە جوان و کەلتور و مێژووی نەتەوەی کورد کردوە، بەجلەکانم ناسنامەی گەلەکەم و کۆمەڵگاکەم پاراستووە، بۆئەوەی لە ئیستەنبول تێبگەیت دەبێت زۆر بەباشی لە دیاربەکر بگەیت، ئەمە زۆر گرنگە."
news_share_descriptionsubscription_contact

