Azat Muhammet
20 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2017
نەینەوا - AA
فەرماندە لە پۆلیسى ئیتیحادى، عەقید عەبدولرەحمان خەزعەلى رایگەیاند "یەکەکانى پۆلیسى ئیتیحادى بە پاڵپشتى فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى عێراق لە میحوەرى رۆژئاواى تەلەعفەر لە پێشڕەویدان و تا ئێستا ناوچەى عەبرەى بچووک لە قەزاکە لەژێر دەستى داعش رزگار کراوە".
فەرماندە لە پۆلیسى ئیتیحادى، عەقید عەبدولرەحمان خەزعەلى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "یەکەکانى پۆلیسى ئیتیحادى لە میحوەرى رۆژئاواى تەلەعفەر لە پێشڕەوى بەردەوامدان و تا ئێستا ناوچەى عەبرەى بچووک لە قەزاکە لەژێر دەستى داعش رزگار کراوە و بە ئاراستەى ناوچەکانى سعد، زەهرا و وەحدە جوولەیان کردووە".
ئەو فەرماندەیەى پۆلیسى ئیتیحادى عێراق ئاماژەى بەوەدا کە فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى عێراق پاڵپشتى هێزەکانى عێراقى دەکەن لە رووبەڕوو بوونەوەى داعش، تەواوى هێزە عێراقییەکان بە ورەیەکى بەرزەوە هێرشێکى چڕیان بۆ سەر چەکدارانى داعش دەستپێکردووە، پەنا بەخوا لە ئایندەیەکى نزیکدا تەواوى شارەکە لە چنگ داعش رزگار دەکەین.
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى گوتەبێژى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، عەمید یەحیا رەسول بە ئاژانسى ئانادۆڵوى داوە زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ چەکدارانى داعش لە تەلەعفەر خۆیان حەشارداوە.
بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێڕى ئاژانسى ئانادۆڵو تاکتیکەکانى داعش نەگۆڕن و هاوشێوەى ئۆیەراسیۆنى مووسڵ پشتى بەستووە بە چەکدارە خۆکوژەکان و بۆمبڕێژکردنى خانوو و رێگاوبانەکان و سووتاندنى نەوت و باڵەخانەکان بۆ دروستکردنى دووکەڵ بە ئاسمانى شارۆچکەکە بە مەبەستى خۆ حاشاردانیان لە بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکان.