حەمرین
دوای ئەوەی کە پێشمەرگە لە چەند رۆژی پێشوودا پێشمەرگە بەهاوکاری سوپای عێراق و چەند هێزێکی تر، ناحیەی جەلەولا و سەعدیەی سەربە پارێزگای دیالە و گوندەکانی چواردەوریان لەدەست چەکدارانی داعش پاک کردەوە، لە ئێستادا هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای بەدر لەو ناوچانە جێگیر کراون.
پێشمەرگە لە جەلەولا و گوندەکانی چواردەوری ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و لەبەرامبەردا سوپای بەدر لە ناحیەی سەعدیەی سەر پارێزگای دیالە جێگیر بوون.
پێشمەرگە لەچەندین گوندی چواردەوری جەلەولا و لەو ناوچانەی دەگاتەوە دەشتی حەمرین و دەریاچەی چیای حەمرین جێگیر کراون.
یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەناوی ئەسکەندەر سەعید عوسمان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە پێشمەرگە ٥٩ گوندی چواردەوری جەلەولایان ئازاد کردووە لە ماوەی ٨ سەعاتدا و باس لەوەش دەکات کە خەڵکی گوندەکانی وات و دەوروبەری ئێستا بەتەواوی لە گوندنشینەکان چۆڵ کراوە کە زۆربەیان لەگەڵ چەکدارانی داعش هەڵاتوون کە بەڕای ئەوان پشتیوانێکی زۆری ئەو چەکدارانە بوون.
ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە چەکداران لە کاتی هەڵاتنیاندا لەو ناوچانە دوو بۆمبیان چاندووە و دواتر لەکاتی ئازاد کردندا لەلایەن ئەندازیاری تایبەتەوە پووچەڵ کراوەتەوە.
ئەوەی کە دەبینرێت لە گوندەکانی ئەو ناوچانە، پاشماوەی رووخاوی گوندەکانە کە هەندێک لەخانووەکان بە سووتاوی دەبینرێن و بەشێکی رێگاکانیش لە رێگەی بۆمبی چێنراوەوە تەقێنراونەتەوە.
ئەسکەندەر ئاماژە بەوە دەکات کە چەکدارانی داعش لەکاتی هەڵاتنیاندا، بریندارە بیانییەکانی خۆیان کوشتووە و فڕێیان داونەتە نێو ئاوی دەریاچەی چیای حەمرینەوە.
وەک پێشمەرگەکانی جێگیرکراو لەگوندی تۆلان-ی بناری چیای حەمرین ئاماژەی پێ دەکەن، سوپای بەدر لە سەر چیای حەمرین جێگیر کراون و هیچ مەترسییەکی داعش لەوناوچانە نەماون.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئێستا لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا چەندن کەسی خۆبەخشی تێدایە کە خزمەت بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.
مام خدر قەڵادزەیی کە دانیشتووی قەڵادزێیە و تەمەنی ٦١ ساڵە، خاوەنی ٤ کوڕ و کچێکە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە بەشداریی خەباتی چەکداری کردووە و لەساڵانی ١٩٦١ تا ١٩٧٤ لە شۆڕشی ئەیلوولدا بەشدار بووە دواتر پەیوەندی کردووە بە ریزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە لە دوای ١٩٨٠ و بە بەردەوامی خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووە.
مام خدر پێش چەند ساڵێک خانەنشین دەکرێت و دوای ئەوەی کە مەترسی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، دەست دەداتەوە چەکەکەی و ئاماژە بەوە دەکات کە جیاوازی شەڕی داعش لەگەڵ شەڕ لەگەڵ حکوومەتی بەعسدا ئەوە بوو کە ئەوکات دیار بوو دوژمنت لەکوێ بوو یان کێ بوو بەڵام لە شەڕی داعشدا دوژمن دیار نییە و نزیکە لە شەڕی دەستەویەخە.