ھەولێر
بەڕێوبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەڵگورد حیكمەت سەبارەت بە شەڕی پێشمەرگە لە كۆبانێ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی بەرچاو و روون بوو، ھەر لەگەڵ گەیشتنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ باڵانسی ھێز گۆڕا و پێشمەرگە بە چەكی قورس وەڵامی توندی داعشی دایەوە و رۆژانە پێشڕەوی دەكەن".
لە بارەی ناردنی ھێز لە قۆناغی دووەمدا ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "چوونی ھێز لە سەر داوای سەركردایەتی كورد لە رۆژئاوا بووە و ئێستاش لە سەر داوای ئەوان ئەو ھێزەی كە لە كۆبانێ یە لە وانەیە بێنەوە و ھێزێكی نوێ لە شوێنیان جێگیر بكرێ".
لە بارەی ناردنی چەك بۆ كوبانێ گوتی: "لە قۆناغی یەكەمدا چەك لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ رۆیشتووە و لە قۆناغی دووەم تەنیا تەقەمەنی بووە و چەك نەبووە و ئەگەر پێویست بكرێ لە قۆناغێكی دیكەشدا تەقەمەنی بەڕێ دەكرێ ئەویش پێش ئەوەی تەقەمەنی لە كۆبانێ تەواو ببێ، شوێنی پڕ دەكەینەوە".
لە بارەی زیانی پێشمەرگە لە رووبەڕوو بوونەوەكانی كۆبانێ هەڵگورد حیكمەت گوتی: "تا ئێستا تەنیا سێ بریندارمان ھەبووە و خۆشبەختانە ھیچ شەھیدمانیش نەبووە".
لە بارەی میحوەری جەلەولا كە بەم دوایانە جموجۆڵی داعش تیایدا زیاتر بووە، بەڕێوبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "ھەر چەندە داعش لە جەلەولا ویستی پێشڕەوی بكا بەڵام بە دڵنیاییەوە پێشمەرگە پلانی باشی لە بەر دەستە و لە ئایندیەكی نزیكدا ھێرش دەكرێ".