ھەولێر
٧٥%ی ئەندامانی کۆنگرە بەپێی ھەڵبژاردن و بنەما بنەڕەتییەکانی گۆڕان بوون بە ئەندام و ٢٥%یش بەکۆتا بۆ ئافرەتان تەرخان کراوە.
ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبردنی یەکەم کۆنگرەی بزوتنەوەی گۆڕان (کۆنگرەی نیشتمانی) بەرپرسی ژووری ھەڵبژاردنەکانی خۆی ئارام محەمەدی بە گوتەبێژی کۆنگرە دەستنیشان کرد.
گوتەبێژی کۆنگرەی نیشتمانیی گۆڕان، ئارام محەمەد لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند راپۆرتەکانی ھەر پێنج لێژنەی دروستکراو لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرە خوێنراونەتەوە و پێنج کۆنفڕانسیشی بۆ دروست کراوە، کە ئەوان لە رۆژی دووەمدا راسپاردەی خۆیان لەسەر ئەو راپۆرتانە دەدەنە کۆنگرە و دواتر دەنگ لەسەر راسپاردەکان دەدرێ.
کۆنگرەی یەکەمی بزوتنەوەی گۆڕان لە ١١٠٠ ئەندام پێکدێ و پێنج لێژنەی بۆ دروست کراوە کە بریتیین لە لێژنەکانی ھەڵسەنگاندنی فراکسیۆنەکان، ھەڵسەنگاندنی رێنماییە بنەڕەتییەکان، ھەڵسەنگاندنی پرۆگرامی سیاسی، ھەڵسەنگاندنی ژوورەکان، ھەڵسەنگاندنی میدیایی کاری ھەڵسەنگاندنی گۆڕان.
گوتەبێژی کۆنگرە ئەو قسانەشی رەت کردەوە کە لەبارەی ئەوەوە دەکرێن گوایە پارتی خەرجیی کۆنگرەکەی دابین کردبێ و گوتی "ئەو ھۆڵە لەلایەن گۆڕانەوە بە گرێبەستبەکرێ گیراوە، پارەی شوێنەکەمان داوە و ھەرشتێ بگوترێ دوور لەوە راست نییە".
ئارام محەمەد کە گوتی بزووتنەوەکەی بە مۆدێلێی جیاواز لە حزبایەتی لەناوچەکە کاردەکا، پاساوی بەڕێوەنەچوونی ھەڵبژاردنی بۆ رێکخەری گشتیی گۆڕان و جڤاتی نیشتمانی کە لەجێی سەرکردایەتییە لەحزبەکانی دیکە ھێنایەوە و گوتی "ئێمە تا ئێستا دوو ھەڵبژاردنی ناوخۆییمان کردووە و یەکێکیش لە دەرەوەی وڵات، ئێمە ساڵانە سەرکردایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان ھەڵدەبژێرین و لە جڤاتیش رێکخەر ھەڵدەبژێردرێ".
گوتەبێژی کۆنگرەی یەکەمی گۆڕان لە درێژەی قسەکانیدا ھێمای بۆ ئەوەکرد کە ٧٥%ی ئەندامانی کۆنگرە لەرێی ھەڵبژاردن و ئەوەی ناوی لێ نا شەرعییەتی ھەڵبژاردنەکان ھاتوون، رێژەی ٢٠%یش بریتیین لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان و بەرپرسانی ژوورەکانی گۆڕان.
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی خولی بەستنی کۆنگرەکانی گۆڕان، ئارام محەمەد گوتی "پێشنیازێک کراوە لە راپۆرتی بنەما بنەڕەتییەکان کە دوو ساڵ جارێ کۆنگرە بکرێ، ئیتر ئەگەر لە کۆنفڕانس ھێڵدرایەوە و دواتر لەکۆنگرە دەنگی ھێنا دەبێ پەیڕەو بکرێ".
ئارام محەمەد باسی لەوەش کرد کە رێژەی ٢٥%ی ئەندامانی کۆنگرە لە ئافرەتانن و ئەو رێژەیە وەکو کۆتا بۆیان دیاری کراوە.