ھەولێر
لەدوای دوو جار دواخستنی کاتی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، ھێشتا روون نییە کۆنگرە لەو کاتەدا ساز دەکرێ کە دیاریکراوە ٢٤/١١/٢٠١٣.
بەگوێرەی قسەی ئەندامێکی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرە، مشتومڕی دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە کە شەش سەد ئەندامن، ھەروا بەردەوامەو لەسەر میکانیزمێک رێکنەکەوتوون.
کۆمیتەی ئامادەکار بۆچوونەکەنایان لە یەکناچن لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆنگرە، بەگوێرەی قسەی غەفوور مەخمووری ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاریی لەوبارەیەوە سێ بۆچوون ھەن: "یەکەمیان پێیوایە دابەشکردنی کورسییەکان بەپێی کاریگەریی سیاسی پارچەکانی کوردستان دابەش بکرێن، دووەم لەسەر بنەمای دانیشتووانی ھەر پارچەیەک بێ، سێیەمیش ئەوەیە کورسیی ھەموو پارچەکان یەکسان بێ و بڕیارەکان بەتەوافوق بدرێن بەڵام ئاراستەی زاڵ ئەوەیە کورسییەکانی کۆنگرە بەپێی کاریگەریی سیاسی بەشەکانی کوردستان دابەش بکرێن ".
غەفوور مەخمووری، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بۆ AA گوتی: "بەھۆی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەکانی ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە چەند جارێک دواکەوتووە، بڕیاربوو سەرەتای مانگی یانزە کۆبوونەوە بکرێ، بەڵام بەھۆی خولی نوێی پەرلەمانەوە ئەویش بۆ ماوەیەکی دی دوادەخرێ."
مەخمووری بۆچوونی وایە کۆنگرە لەمساڵدا زەحمەتە ساز بکرێ و ئاشکرایکرد: "ناکۆکی سیاسی ھەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەوەیش وایکردووە ساربدوونەوە بەدی بکرێ لەنێوان لایەنەکان و بڕیار وایە لەنیوەی مانگی داھاتوو کۆبوونەوەی ئامادەکاریی بکرێت و بەستن یان نەبەستنی کۆنگرە رادەگەیەنن."
مەخمووری لەوبارەیەوە زیاتر گوتی: "ماوەیەکی زۆرە کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنەبوونەتەوە، ئەمەش کاردەکاتە سەر بەرنامە و کاتی بەستنی کۆنگرە، جگە لەوە راپۆرتی ھەشت کۆمیسیۆنەکەی کۆنگرە کە ھەندێکیان ئامادەن پەسەندنەکراون و وەرنەگێڕدراون و چاپیش نەکراون، ھەروەھا رۆژەڤی کۆنگرەش دیارینەکراوە و میوانەکان وەکو پێویست بانگھێشت نەکراون، بۆیە ساردبوونەوەیەک بەدی دەکرێ و وەکو سەرەتا دڵگەرمی نابینرێ".
لەبارەی بۆچوونی وڵاتانی دەوروبەری ھەرێم و ئەمریکا لەسەر بەستنی کۆنگرەکە مەخمووری گوتی: "ئەو وڵاتانە بەفەرمی دژایەتییکردنیان بۆ کۆنگرەکە دەرنەبڕیوە، بەڵام لە کەناڵی دیکەوە نارەزایەتییان ھەبووە، ئەمریکییەکان گوتیان دیراسەی دۆخەکە دەکەین، جارێ ھەڵوێستیان لەبارەی کۆنگرە روون نییە."
لەبارەی کۆنگرەو راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی، غەفوور مەخمووری گوتی: "لە کۆنگرەدا تەبەنی مافی چارەی خۆنووسین کە لەمافی خۆرێبەرییەوە تا مافی سەربەخۆیی تێدا دەبێ دەدرێت."