شرناخ
خزم و کەسی کوژراوانی رۆبۆزكی نارەزایی خۆیان بەرامبەر پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن دەربڕی. بەبڕوای ئەوان پاکێجەکە بەتەنگ داواکارییەکانیانەوە نەھاتووە.
پێش ئاشکراکردنی پاکێجەکە، خەڵکی ئوڵودەرە بە ئومێدێکی زۆرەوە چاوەڕێ بوون. بەڵام دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان) ناوەرۆکی پاکێجەکەی ئاشکرا کرد، ھەموانی تووشی بێئومێدی کرد.
خەڵگی گوندی (گولیازی)ی سەربە شارۆچکەی ئوڵودەرە گوتیان "ئێمە چاوەڕێی زیاترمان لەو پاکێجە دەکرد، کەچی لە مەسەلەی لادانی بەربەستی ١٠%ی پەرلەمان بەولاوە شتێکی تێدانەبوو لە خزمەتی کوردا بێ".
بنەماڵەکانی (٣٤) کوژراوی ئوڵودەرە گوتیان " وامان دانابوو پاکێجەکە بکوژانی رۆڵەکانمان دیاری بکات و بەسزای یاساییان بگەیەنێ، ھەروەھا فەرمانی ئازادکردنی گیراوە سیاسییەکان دەربکرێ".
دایکی (سەرھەد ئەنجو)ی کوژراو لە رووداوەکەی ئوڵودەرە گوتی "پاکێجەکە ساڕێژی برینەکانی کوردی نەکرد. دەبووایە بکوژانی رووداوەکەی ئوڵودەرە، بەسزای یاسایی بگەن".