بە پێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ٢٠١٣ بەھۆی کارو چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ناوچانەی کە شەڕ و ئاڵۆزیی تێدایە، بە گشتی ٥٨ کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان کوژراون.
بە گوێرەی ئاماری سەندیکای کارمەندانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ھێزە ئاشتیپارێزەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و کارمەندانی ئاژانسەکانی دیکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری سودان، سۆماڵ، سودان، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، سوریا و مالی دا، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیان رووبەرووی ھێرشی جیاجیا بوونەتەوە.
بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، ھێرش بۆ سەر کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٣ زۆرتر بووە، بەھۆی ئەو ھێرشانەوە ٣٣ ئەندامی ھێزی ئاشتیپارێز و ٢٥ کارمەندی مەدەنی بە گشتی ٥٨ کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان گیانیان لە دەستداوە.
ساڵی ٢٠١٢ سەرجەم ٣٧ و ساڵی ٢٠١١ بە گشتی ٣٦ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان گیانیان لە دەستداوە.
گەورەترین ھێرش بۆ سەر ھێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری سودان رۆژی ٩ی نیسانی ساڵی ٢٠١٣ پێکھاتووە و بە ھۆیەوە ١٢ ئەندامی نەتەویەکگرتووەکان گیانیان لە دەستداوە.