واشینتۆن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لەگەڵ نوینەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە فێدیریکا مۆگیرینی کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا کیری و مۆگیرینی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد و وەڵامی چەندین پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا کیری گوتی: "ئامانجی تیرۆریستان دابڕاندنی ئێمەیە بەڵام ئێمە بە پێچەوانەوە ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دەبنە هۆی بەهێزتر بوونی یەکێتی و پێکەوە بوونی ئێمە، پێویستە رەگ و ریشەی تیرۆر وشک بکرێت".
مۆگیرینیش گوتی: "هێرشەکانی پاریس بە جۆرێک وەک 11ی سێپتەمبەری ئەمریکان و تیرۆریستەکان تەنیا و تەنیا لە دژی ئەمریکا و ئەوروپییەکان توندوتیژی پەیڕەو ناکەن، بەڵکو لە دژی ئاسیایی و عەرەبەکانیش توندوتیژی پەیڕەو دەکەن، بۆیە ئەمە شەڕی نێوان رۆژئاوا و ئیسلام نییە و شەڕی دژی تیرۆرە کە هەموومان، ئەمریکی، ئەورووپی، ئەفریقی، ئاسیایی و عەرەب تیایدا بەشدارین.
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما حەفتەی رابردوو لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەستکەوتی ئەمریکا بە بەراورد لەگەڵ ئەورووپا ئەوەیە کە موسڵمانانی دانیشتووی ئەمریکا خۆیان بە ئەمریکی دەزانن.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەو گوتانەی ئۆباما بیرهێنرانەوە و لە بارەی پرسی کۆچبەرانەوە لە ئەورووپا پرسیارێک ئاڕاستەی مۆگیرینی کرا و لە وەڵامدا گوتی: "پرسی کۆچبەریی پرسی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە و بە دەیان ساڵە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و یاسا و ریسای جیاوازی هەیە، ئەو شتەی کە ئەمڕۆ پێویستە ئەنجامی بدەین ئەوەیە هەموومان پێکەوە کار بکەین، یەکێک لە قوربانییەکانی هێرشەکەی پاریس موسڵمان بوو و شەهید بوونی ئەو پۆلیسە موسڵمانە لە کاتی هێرشە تیرۆریستییەکانی پاریسدا نیشانەی ئەوەیە کە هەموو کەسێک لە دژی تیرۆر لە یەک بەرەدایە".
مۆگیرینی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پرسە پرسێک نییە تەنیا رووبەڕووی کەمینە یان زۆرینە بووبێتەوە و گوتی: "هێزی ئێمە جیاوازە بەڵام سەرچاوەی هێزی ئێمە لە یەکێتیی و پێکەوەژیانی ئێمەیە، بۆیە ئەگەر لە روانگەی کەمینە و زۆرینەوە سەیری ئەو پرسە بکەین ئەوە هەڵەیەکی گەورەمان کردووە، ئەو هێرشانە کەمینە یان زۆرینە ناکەنە ئامانج بەڵکو ئامانجیان مرۆڤایەتییە و هێرشی تیرۆریستیش هەر هێرشی تیرۆریستییە".
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا کیری باسی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی لە ساڵانی 1960 لە ئەمریکا کرد و گوتی: "لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئەو جۆرە بابەتانە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوونە و وەک ئەمریکا زۆر بە وریاییەوە هەڵسوکەوتمان کردووە، بۆیە توانراوە پێشکەوتنی زۆر باش بەدەست بێهنرێت".
کیری گوتیشی: "هێشتا چەندین قۆناغ هەن کە پێویستە ئەمریکا تێیانپەڕێنێت و پرسی گفتوگۆ کردن لەسەر بوونی جیاوازی کۆمەڵایەتی نەک تەنیا لە ئەمریکا بەڵکو لە سەرانسەری جیهان پرسێکە کە هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەو بارەیەوە هەموومان پێکەوە کار بکەین".