جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی رووداوەکانی ئەم دوایەی عێراق، بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ ھۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق کرد.
جێن ساکی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ھەردوو وەزیر، باسی دوا پێشهاتەکانی پارێزگای ئەنبار و شەڕو تێهەڵچوونی نێوان سوپای عێراق لە دژی داعش و چەکدارانی عەشایریان کردووە.
پساکی دەڵێ کێری ئاماژەی بە گرنگی پشتگیری خەڵکی کردووە بۆ دەرکردنی داعش لەو ناوچەیە، ھانی حکوومەتی عێراقیشی داوە تا پەرە بە دەسەڵاتە خۆجێیەکان بدات.
لەو پەیوەندییەدا کیری جەختیکردۆتەوە لەسەر بەردەوامی هاوکارییەکانی واشنتۆن و رەوانەکردنی کەرەستەی سەربازیی بۆ عێراق. ھەروەھا بە پێویستی زانیوە بۆ لاوازکردنی گروپە توندڕەوەکان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، ھەوڵە سیاسی و ئابوورییەکان چڕتر بکەنەوە.
ساکی ئاماژەی بە خۆشحاڵی زێباری کردووە بەرامبەر بە ھاوکاریی ئەمریکا بۆ بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر.