غەززە
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی فەلەستین ( یوسف رزقا) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: دوای کوودەتای سەربازیی میسر دەروازەی سنووری رەفا داخرا، بۆ کردنەوە و بەڕێوەبردنی ئەو دەروازەیە حەماس پێشنیاری ھاوکاریکردنی ئاراستەی فەتح کردووە.
رزقا گوتی" لە سەردەمی حوسنی موبارەکدا حەماس پێشنیارێکی بەمجۆرەی ئاراستەی دەسەڵاتی ئەو کاتەی فەلەستین کردبوو کەچی ئەو پێشنیارە لە لایەن بەرپرسانی فەلەستینەوە رەتکرایەوە، بۆکردنەوە و بەڕێوە بردنی ئەو دەروازەیە لەلایەن فەلەستینییەکانەوە حەماس دووبارە پێشنیاری ئاراستەی فەتح کردووە، بەڵام پێم وانییە کە حکومەتی فەلەستین ئەمجارەیش وەڵامێکی باش بداتەوە چونکە دەیەوێ لەبەرامبەر رووداوەکانی وڵاتانی عەرەبی ئەم دەروازەیە وەکو کارتێک لەدژی فەلەستینییەکان بەکار بێنێ".
رزقا باسی لە کاریگەریی ئیسرائیل کرد و گوتی" بێجگە لە بەرپرسانی فەلەستین، ئیسرائیلیش بە ھیچ شێوەیەک نایەوێ حەماس و بەرپرسانی فەلەستین نزیکی یەکتر ببنەوە بۆیە نایەوێ ئەو پێشنیارە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مستەفا رزقا باسی ھەڕەشەکانی سەر حەماسی کرد و رایگەیاند: حەماس بە دەنگی زۆرینەی خەڵک ھەڵبژێردراوە و بە ھاوکاری خەڵک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەرێوە دەبات، بۆیە ھەڵوەشاندنەوەی حەماس لە رێ داخستنی کەناڵە ژێرزەوییەکان، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و گەمارۆکان کارێکی ئاسان نییە.
رزقا گوتی" چەند کەس و لایەنێک چاوەڕوانی ئەوە دەکەن حکومەتی میسر ھێرشی سەربازیی بکاتە سەر حەماس و دەسەڵاتی حەماس ھەڵبوەشێنێتەوە کەچی سوپای میسر ناتوانێ لە غەززە دەست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بکات، میسر دەزانێ حەماس لە دوو ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی نێوان میسر و ئیسرائیل خۆڕاگرییەکی مێژوویی کرد و ھەڵنەوەشایەوە.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی فەلەستین رایگەیاند: حەماس دەستوەردانی لە کاروباری میسر ناکات و رێگا نادات میسر یا ھیچ وڵاتێکی دیکە دەستوەردانی کاروباری حەماس بکا، ئەگەر رۆژێک بزانرێ ھەر جۆرە دەستتێوەردانێک سوودی باشی بۆ حەماس ھەبێ ئەوا قەبوڵکردنی دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ کردنەوە.
لەبارەی داخستنی کۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لە میسر رزقا رایگەیاند: بڕیاری داخستنی کۆمەڵی ئیخوان بڕیارێکی سیاسییە و ھیچ جۆرە بنەمایەکی یاسایی نییە، بە ھۆی بەردەوامی توندوتیژیی میسرەوە دادگا بڕیارێکی بەمجۆرەی دەرکردووە.
رزقا لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بە ھەڕەشەکانی بزوتنەوەی تەمەڕودی کرد و گوتی" ئەو بزوتنەوەی تەمەڕود باسی بەرپاکردنی شۆڕش لە غەززە دەکا کەچی دەنگۆی سەرکەوتنی ئەو بزوتنەوەیە دوورە لە راستی.
رزقا باسی بارودۆخی ئابووریی غەززەی کرد و گوتی" دەنگۆی رووبەروو بوونەوەی غەززە بە قەیرانی ئابووریی دوورن لەراستی، راستە رووداوەکانی ناوچەکە و جیھان کاریگەرییان لە سەر ئابووریی غەززە ھەبووە بەڵام مانای ئەوە نییە کە ئابووریی غەززە تووشی قەیران بووبێ.