ھەولێر
رۆژی دووشەممە ١٨ی تشرینی دووەم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان ئارام ئەحمەد رایگەیاند: پرۆژەیەکمان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی چل ساڵی رابردووی ھەرێمی کوردستان، رەوانەی بەغدا کردوە و گوتی: "لەو پرۆژەی قەرەبوکردنەوەدا داوای زیاتر لە ٣٨٤ ملیار و ٦٩٨ ملیۆن دلاری ئەمریکیمان کردوە."
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری AA ئارام ئەحمەد گوتی: "دەکرێ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە قۆناغ بەقۆناع بێ ھەروەک قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی وڵاتی کوێت."
لەبارەی گرنگی ئەو قەرەبووکردنەوەیە وەزیری کاروباری شەھیدان گوتی: "لە عێراق ھەر رووداوێک روودەدا پێویستە تاوانبار تاوانلێکراو قەرەبوو بکاتەوە، ئەم حکومەتەی ئێستاش میراتگری تاوانبارە بۆیە دەبێ قەرەبووی زیانەکانی دەستی بەعس و حکومەتەکانی تر بکاتەوە، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی دەبێ لەسەر رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لایەنەکانی دیکەی ژیان."
بەپێی یاسای ژمارە پێنج پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی زیانەکانی دەستی حکومەتەکانی پێشوو بکاتەوە، ئەو پرۆژەیەش کە وێنەیەکی دراوەتە AA وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان، زیانەکانی بەئامار لە ساڵی ١٩٦٣-٢٠٠٣ خستۆتەڕوو:
زیانی گیانی: ٣٠٦،٨٤٩،٩٥٠،٠٠٠ دۆلار
زیانی ماڵی: ٣٢،٨٤٨،٢٥٢،٦٠٠ دۆلار
زیانی ژینگە: ٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دۆلار
زیانی ناراستەوخۆ: ٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دۆلار
زیانی پشتگوێ خستن: ٣٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دۆلار
دووبارە بنیاتنانەوە: ٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دۆلار
کۆی گشتی: ٣٨٤،٦٩٨،٣٠٢،٦٠٠ دۆلاری ئەمریکی