سلێمانی
گوتەبێژی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئازاد جندیانی گوتارێکی تایبەتی لەبارەی ئیمزاکردنی گرێبەستی وزەی نێوان تورکیاو ھەرێمی کوردستان لەبواری وزەدا لە ماڵپەڕی رەسمیی حزبەکەی بڵاو کردۆتەوە.
"حکومەتی عێراق لەبەردەم دووڕیانێکدا" ناونیشانی وتارەکەی جندیانییە، تێیدا داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و حکومەتی عێراقیش دەکات پشتیوانی لە سیاسەتی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بکەن.
جندیانی دەڵێ "پێویست ئەکا ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و لەگەڵیشیاندا رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بەرگری لە سیاسەتی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بکەنو ھاوھەڵوێستیێکی کوردستانیانە رابگەیەنن، ئەو بابەتە بە ھیچ جۆرێک نەخەنە ژێر باری ناکۆکیو ململانێ سیاسییەکانو تێبینییە راستو ناڕاستەکانیان. چونکە دواجار ئەو کەیسە، کەیسێکی نەتەوەییە و قورسایی ھەرێمی کوردستان زۆرتر ئەکا و کارتێکی کاراش ئەبێ بەدەست کوردەوە بۆ ئەگەری ھەر ئاڵوگۆڕێکی ناوچەیی".
ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەبەرژەوەندی عێراقیشدایە "بۆ عیراقیش وا قازانجە، کە حکومەتەکەی مامەڵەیەکی ئیجابیانە لەگەڵ کەیسەکەدا بکات و وەک کارتێکی گوشار بۆ سەر ھەرێم بەکاری نەھێنێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەشێوەیەکی نەرم مامەڵە لەگەڵ واقعی نوێی بواری وزەدا بکا لە ھەرێمی کوردستاندا".
بەرپرسەکەی یەکێتی داوا دەکات حکومەتی عێراقی سیاسەتی خۆی بە ئاقاری دۆزینەوەی چارەسەرێکی ھاوبەش بنیات بنێ و کەیسەکە نەگەیەنێتە بنبەست و داخران، بەڵکو بەپێچەوانەوە سیاسەتەکەی بە ئاقاری کردنەوەی ھەبوونی ھەر گرێیەک بنیات بنێ.
بەبڕوای جندیانی "ئەگەر بەغدا گەمە سیاسییەکەی لەو بوارەدا بە تونێلی گوشارسازکردن و گوشاردانان بۆ سەر ھەرێم ببا، بارودۆخی ناوچەکە و ئەگەرەکانی بە جۆرێکن کە ئەو کەیسە چەندە کارتی گوشار ئەبێ بەدەست حکومەتی عێراقەوە، ئەوەندەش کارتی گوشار ئەبێ بە دەست حکومەتی ھەرێم و بگرە بە دەست ھێزە ئیقلیمیەکانیشەوە".