Hawkar Yaseen
11 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەی خۆیدا کاندیدی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق یەکلا کردەوە و دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، تەنیا کاندیدی ئەو حزبەیە بۆ ئەو پۆستە.
راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێزان شێخ دلێر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "لە پێشتریشیدا مەکتەبی سیاسیی بەهەمان شێوە دانیشتنی خۆی کردبوو بۆئەوەی کاندیدمان بۆ پۆستی سەرکۆمار تەنیا دکتۆر بەرهەم بێت، دوای ئەوەش کە بەداخەوە لە بەغدا روویدا، جارێکی دیکە مەکتەبی سیاسیی جەختی کردەوە کە تەنیا کاندیدی کورد نەک تەنیا کاندیدی یەکێتی، دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح دەبێت بۆ پۆستی سەرکۆمار".
رێزان شێخ دلێر دەربارەی ئەو ناوانەی دیکە کە چەند رۆژێکە وەک کاندیدی سەرکۆمار ناویان دێت گوتی: "ئەو ناوانە لەلایەن خەڵکی دیکەوە دەهێنرا، هەر حزبێکی سیاسیی دەیەوێت دەستێوەردان لە رای حزبێکی دیکە بکات ئەوە رای خۆیانە، بەڵام ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ ناوێکی دیکەمان نەداوە، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەموو ئەو دۆخانەدا هەر لە بەغدا بووە لەگەڵ سەرکۆماردا و دوێنێ گەڕاوەتەوە و تەنیا ئەو کۆبوونەوەیە کراوە بۆئەوەی بە رای گشتیی جارێکی دیکە ئەو ناوە بچەسپێنین، ئەو ناوانەی پێشتر دەهێنران هەندێک لایەنی سیاسیی تەنیا خۆیان لە خۆیانەوە ناو بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشنیاز دەکەن، بەڵام یەکێتی حزبێکی بە قابیلیەت و بەتوانایە و مەکتەبی سیاسیی خۆی هەیە و پێویستی بەوە نییە خەڵک ناوی بۆ پێشنیاز بکات، خۆی عەقڵی ئەوەی هەیە کە دەزانێت کێ باشە لەم وڵاتەدا بۆئەو پۆستە نەک ئەوەی حزبێکی دیکە بۆمان پێشنیاز بکات، بە هیچ شێوەیەک و هەرگیز ئەو ناوانەی دیکە لەنێو یەکێتیدا باس نەکراون".
راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێزان شێخ دلێر لە وەڵامی ئەوەی بەم بڕیارەی مەکتەبی سیاسیی، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی دووبارە تێکناچێت، گوتی: "ئەوە کێشەی خۆیانە هەر حزبێکی سیاسیی دەیەوێت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا رێکبکەوێت و بەرنامەیەکی تایبەتی بوێت ئەوە بەرنامەی ئێمەیە، هیچ حزبێکی سیاسیی مولزەم ناکەین، ئەوپەری ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانیان هەیە با دەنگ بە کاندیدەکەمان نەدەن".
گوتیشی: "پێشتر وابڕیار بووە پێکەوە بە یەک پاکێج بچینە بەغدا و شاندی کوردی پێکەوەبێت، بەڵام ئەوان پێش ئێمە و لەپێشتردا رێککەوتنی سیاسییان کردووە لەگەڵ سەدرییەکان، عەزم و تەقەدوم لەسەر ئەوەی چۆن حکوومەت پێکبێت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان چۆن بێت، ئێمە لە سەرەتاشەوە وتومانە کێشەمان لەگەڵ هیچ حزبێکی سیاسیی نییە، بەڵام خۆمان ناخەینە ناو کێشەیەکەوە و نابینە لایەنگری هیچ لایەنێک بەتایبەت ئەو کێشانەی لەنێو ماڵی شیعەدا هەیە لەبەر ئەوەی عێراق خۆی دۆخێکی خراپی هەیە و بەرەو کێشە و شەڕی ناوخۆیی دەڕوات نامانەوێت ئێمە هۆکاربین تیایدا".
رێزان شێخ دلێر لە وەڵامی ئەوەی ئەو کێشەیە چی بوو کە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە بەغدا تێکدا لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا رایگەیاند "با لای خەڵک روونبێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێش ئەوەی بڕۆنە بەغدا دانیشتنیان کردووە لەسەر داوای پارتی کە چەند جار هاتنە سلێمانی، گوتوومانە پێویستمان بەوەیە بەیەکەوە بە یەک دەنگی و بە یەک پاکێج بچینە بەغدا و لایەنگری هیچ حزب و لایەنێکی سیاسیی نەکەین لەلای شیعەکان، چونکە نابینە لایەنگری کێشەکانی نێوماڵی شیعە، بەڵام کاتێک رۆژی کۆتایی کە دەچینە پەرلەمان لەوێ دەبینین ئێمە وەک بوکەڵەین بەدیار پارتی-یەوە، چونکە پارتی لە بنەمادا رێککەوتنی کردووە لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ هەموو بابەتەکان وەک هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دواتر سەرکۆمار و دواتریش بۆ پێکهێنانی حکوومەت، لەکاتێکدا ئێمە بە هیچ شێوەیەک نە ئاگاداربووین نەپێمان گوتراوە".
گوتیشی: "پارتی چەند جارێک دووبارەی کردبووەوە کە کورد دەبێت بە یەک دەنگ بڕوات لەکاتێکدا خۆی لە پێشتردا رێککەوتنی کردووە ئەگینا ئێمە وەک یەکێتی هیچ کێشەیەکمان نەبووە لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا نە بۆ سەرۆک و نە بۆ جێگرەکانیشی، چونکە ئێمە دەزانین جێگری دووەم چەندین ساڵە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە بنەماشدا رامان لەگەڵیان بووە و وتومانە ئەوان هەر کەسێک کاندید بکەن دەنگی پێدەدەین، بەڵام ئەوەمان پێ قورس بوو کە بچینە ناو بەرەیەک بەبێ ئەوەی خۆمان ئاگامان لێی بێت".
رێزان شێخ دلێر گوتیشی: "حزبێکی سیاسیی لە کوردستاندا هەمیشە بانگەشەی کوردایەتی بکات کەچی رۆشتووە دەستی تێکەڵ کردووە لەگەڵ حزبێکدا کە بە کفنەوە هاتوونەتە پەرلەمان، بۆ حزبێکی سیاسیی مەدەنیی وەک ئێمە قورسە بەو شێوەیە مامەڵە بکات لەگەڵ هیچ حزبێکی دیکەدا".
راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێزان شێخ دلێر لە وەڵامی ئەوەی بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرکۆمار لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان گفتوگۆ کراوە یان نا، رایگەیاند "بە دڵنیایییەوە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان کراوە، بە ئیشکردن و کاری خۆی و بە کاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە چ رۆڵێکی هەبووە و لە مێژووی کارکردنمان لە عێراق، بەتایبەت ئەو پۆستە کە چەند ساڵە پۆستی یەکێتییە، عێراقییەکان زۆر باش دەزانن کە ئێمە چۆن توانیومانە ئیدارەی ئەو پۆستە بکەین".
رێزان شێخ دلێر لە وەڵامی ئەوەی هاوسەرۆکی یەکێتی لە بەغدا هیچ گرەنتیەکی وەرگرتووە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح بە سەرکۆمار، گوتی: "بەڵێ بەدڵنیایییەوە خۆ لە خۆمانەوە ناڵێین ئەوە".
بەپێی هەندێک سەرچاوە بڕیارە ئەمرۆ، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەردانی پیرمام بکات و لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی دەربارەی ئەو پرسە کۆبێتەوە، دەربارەی ئەم کۆبوونەوەیەیش راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێزان شێخ دلێر گوتی: "ئەگەر راستیش بێت، ئێمە سوورین لەسەر شێوازی ئیشکردنی خۆمان، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی وا بە رەسمی نییە نە لە مەکتەبی سیاسیی و نە لە هیچ لایەک شتێکی وا باس نەکراوە".