Zana Natık Kerem
06 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2018
بەسرە ــ AA
وەک ھەوڵێک بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرە کە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان کەوتووەتەوە، ھاتوچۆکردن لە شارەکە لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە، قەدەغەکرا.
لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاندووە کە ھاتوچۆکردن لە تەواوی شاری بەسرە تا کاتێکی نادیار قەدەغەکراوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە لە بەیاننامەکەدا، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە بۆ پاراستنی ماڵ و موڵکی گشتی ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکان بکەن.
قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە شاری بەسرە دوای ئەوە دێت کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی رۆژی سێشەممەی رابردوو لە ناوەڕاستی شاری بەسرە، گرژی و ئاڵوزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روویدابوو کە بە ھۆیەوە حەوت خۆپیشاندەر کوژران.
بەپێی ئامارێک کە کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە بڵاویکردووەتەوە لە خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرە کە لە نۆی مانگی تەمووزی رابردووە دەستیپێکردووە تا ئەمڕۆ، ٢٤ خۆپیشاندەر کوژراون.
ھاوکات پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە، ھەر ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکان لە بەسرە درێژەیان ھەبوو کە لە میاندا خۆپیشاندەران ئەو رێگە سەرەکییەی کە دەچێتە بەندەری ئوم قەسر داخست.
لە لایەکی دیکەوە دەیان ھاووڵاتیی دیکە لە کێڵگەی رۆژئاوای قرنەـ٢ گردبوونەوە و دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین کرد .
لە کۆی ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە بەسرە ساز دەکرێن، خۆپیشاندەران داوا دەکەن خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، کارەبایان بۆ دابین بکرێت، ھەروەھا دەرفەتی کارشیان بۆ برەخسێندرێت و گەندەڵکاران راپێچی دادگا بکرێن.
ئەوەی خۆپیشاندەرانی بەسرە زیاتر توڕە کردووە وەک خۆیان دەڵێن "مامەڵەکانی ھێزە ئەمنییەکانە کە لە میانی خۆپیشاندانەکاندا لەگەڵ خۆپیشاندەران دەیکەن".