Sangar Hamad Azeez
16 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2017
ئیستانبوڵ - AA
بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا، گێرارد پیکی ئاشکرایکرد کە یاریزانی پێشووی یانەکەی، نەیمار داسیلڤای بەرازیلی، ئارەزووی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆڕی دەکرد هەر بۆیە یانەکەی جێهێشت.
لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەیەکی ئینگلیزی، پیکی ئاماژەی بەوەکرد پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نەیمار داسیلڤا هەیە و گوتیشی: "من وەک هاوڕێیەکی نەیمار لە بڕیاری چوونی بۆ یانەی پاریس سانجێرمان دەکەم، راستە کە دڵی هاندەرانی بارسێلۆنای شکاند. لە هاندەرانی یانەکەشمان دەگەم".
پیکی ئاماژەی بەوەکرد کە سەختە یاریزان بتوانێت تەواوی ژیانی پیشەگەری خۆی لە یانەیەک بەسەر ببات و گوتی: " یاریزانان پێویستیان بە کەش و هەوای تازە و کێبەرکێی تازە هەیە. من دەزانم کە نەیمار ئارەزووی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر دەکات هەر بۆیەش رووی لە یانە پاریسییەکە کرد. ئەگەر بێت و بتوانێت لەگەڵ یانە تازەکەی دەستکەوت بەدەست بهێنێت لە خولی فەڕەنسا و چامپیۆنزلیگ ئەوکات هەلی بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتەی دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پیکی ئەوەی نەشاردەوە کە پیپ گواردیۆلای راهێنەر کە چوارساڵ راهێنەرایەتی بارسای کردووە، باشترین راهێنەری جیهانە و گوتیشی کە ئەمساڵ یانەی مانچستەر سیتی کاری دەرئاسای ئەنجام داوە.
ئەو گوتی، گواردیۆلا لە یەکەم ساڵی راهێنەرایەتی لە مانچستەر سیتی چەندین ژمارەی پێوانەیی خولی ئینگلیزی شکاندووە. من متمانەم بەو راهێنەرە هەیە ئەمەش هەروا دەکات کە مانچستەر سیتی بە یەکێک لە بەهێزترین رکابەرەکانمان ببینین لە خولی یانە پاڵەوانەکان.