Heman Husseın Yaseen
03 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2020
هەولێر -AA
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی لە سەرۆکایەتی ھەرێم کۆبووەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد و پشتگیریی بۆ ھەنگاوەکانی حکوومەت دەربڕی سەبارەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی و پڕۆژەکانی حکوومەت و برەودان بە پرۆسەی چاکسازی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم، داوایشی کرد کە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکەن بەبێ جیاوازی.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان ھاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق لەم دۆخە نائاساییەی ئێستا دەربچێت و راشیگەیاندووە کە خوازیارن کێشەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەوەی فاکتەرێکی سەقامگیریی بێت لە ناوچەکەدا و پەیوەندییەکی ھاوسەنگیشی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان ھەبێت لەسەر بنەمای رێزلەیەکگرتنی ھاوبەش.

هاوکات سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ پشتیوانیکردنی لە کابینەی نۆیەم و ئاماژەیشی بەوەدا کە لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبن کە بەشێکی سەرەکی کارنامەی کابینەی نۆیەمە و ئامانجی ھینانەدی دادپەروەری و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لەوەی لە سەرەتای دەستبەکاربوونییانەوە ھەوڵیانداوە کێشەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەن و هیوایشی خواستووە کە حکوومەتی داھاتووی عێراقیش، پابەند بێت بەو لەیەکتێگەیشتانانەی لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ھاتووەتە ئاراوە لەسەر بنەمای دەستوور.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری تەندروستی و وەزیری ناوخۆ راپۆرتێکیان دەربارەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا - ٢٠١٩) و رێکارەکانی خۆپارێزیی و پێشگیریی لەو ڤایرۆسە لە ھەرێمی کوردستان خستەڕوو جەختیش لەوە کراوەتەوە کە تا ئێستا ھیچ کەیسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.