Heman Hussein Yaseen
02 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، نادر روستی رایگەیاند کە بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێک لە پشووەکانی سەری ساڵدا، نزیکەی ١٤٧ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، هەرچەندە ساڵی رابردوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتاکە، هیچ رێوڕەسم و ئاهەنگێکی فەرمیی بەبۆنەی سەری ساڵەوە ئەنجام نەدرا و ئەمەش وایکرد کە ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان دابەزێت.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، نادر روستی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ رێژەی هاتنی گەشتیاران زیاتربوو لەپار ساڵ، بەهۆی ئەوەی پارساڵ دۆخی تەندروستی و رێکارەکانی خۆپارێزی هۆکاربوون بۆ دابەزینی رێژەی گەشتیاران، بەڵام ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ زیاترە و ژمارەیەکی زۆری گەشتیارانی شار و شارۆچکەکانی عێراق، بەبۆنەی سەری ساڵی زاینییەوە سەردانی هەرێمی کوردستانییان کردووە".
نادر روستی گوتیشی: "لە رێوڕەسمەکانی پێشوازیکردن لە ساڵی ٢٠٢٢ و گەشتکردن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەسەربردنی کاتێک لە ماوەی حەوت رۆژدا، واتا لە ٢٥ی کانوونی یەکەم تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، نزیکەی ١٤٧ ھەزار گەشتیار ھاتووتەنە ھەرێمی کوردستان".
نادر روستی ئەوەیشی خستەڕوو کە ژمارەی گەشتیاران بۆ ناو شارەکانی کوردستان بەمشێوەیە بووە: "٧٦ ھەزار و ٥٥٠ گەشتیار سەردانی ھەولێر، ٣١ ھەزار و ٦١٤ گەشتیار سەردانی سلێمانی و ٣٨ ھەزار و ٧٣٤ گەشتیاریش سەردانی پارێزگای دھۆک-یان کردووە کە کۆی گشتیی ١٤٦ ھەزار و ٨٩٨ گەشتیار بووە".
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، نادر روستی ئاماژەی بەوەیش کرد کە ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ، رێژەی ھاتنی گەشتیاران زیادی کردووە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەیش کرد کە پێویستە هەمووان جەخت لەسەر پاراستنی ژینگە بکەنەوە و شوێنە گەشتیارییەکان بە پاک و خاوێنی رابگرن.