Hawkar Yaseen
03 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2020
هەولێر AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی دۆخی سیاسیی شەقامی عێراقی و کەمبوونەوەی خۆپیشاندانەکان و وادەی هەڵبژاردن دوا و رایگەیاند، شەقام لە ئەدای مستەفا کازمی رازییە.
بەشیر حەداد دەربارەی ئەوەی کە بۆچی لە سەردەمی کابینەکەی کازمیدا خۆپیشاندانەکان بەرەو نەمان چوون گوتی: "خۆپیشاندانەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بە قەبارە و گەرموگوڕی جاران نا، من پێموایە هۆکاری ئەوەی ئەو گەرموگوڕییەی جارانی نەماوە بابەتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بوو وایکرد، هەروەها هەندێک لە قسە و مەوقیفەکانی کازمی کە هەمیشە خۆی بە پشتگیر و پشتیوانی خۆپیشاندەران دادەنا و بەڵێنی ئەوەشی پێدان کە بەجددی کاردەکات بۆ ئەوەی کە بکوژانی خۆپیشاندەران بدۆزێتەوە و لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو رووداوانە بکات کە لەکاتی خۆپیشاندانەکان روویانداوە، هەروەها دەستنیشانکردن و دانانی وادەی هەڵبژاردنەکان، ئەمانە هەمووی وایکرد گەرموگوڕی خۆپیشاندانەکان کەمتربنەوە، ئەگینا ئێستاش لە شارەکانی بەسرە و ناسرییە و بەغداش خۆپیشاندان هەر هەیە، بەڵام بەشێوەی جاران نا".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد راشیگەیاند "لەلایەن شەقامی عێراقییەوە جۆرێک لە رەزامەندی هەیە بۆ ئەدای مستەفا کازمی، بەڵام هێشتا شەقام چاوەڕێی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە دەکات کە بەلێنی داوە بیانکات".
بەشیر حەداد دەربارەی وادەی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق گوتی: "یاسای هەڵبژاردن یەکێک بوو لە پێداویستی و بنەماکانی هەڵبژاردن، ئێستا پەرلەمانی عێراق بە پەسەندکردنی یاساکە ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر خۆی لادا و کارەکانی تەواو کرد، ئەوەی دیکەی ماوەتەوە سەر حکوومەت کە بوودجەیەیکی بۆ دابین بکات، هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان کارە هونەرییەکان رێکبخات، هەروەها دابینکردنی سەقامگیرییەکی ئەمنی بۆ ئەوەی لە کەشێکی سەقامگیر هەڵبژاردنەکان بکرێت، ئەگەر ئەوانەش کرا ئەوا ئومێد دەکەین لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا هەڵبژاردن بەریوەبچێت".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربارەی ئەوەی حکوومەت فریا دەکەوێت تا ئەو وادەیە هەموو ئامادەکارییەکان بکات گوتی: "من پێموایە لەوانەیە کەمێک دوا بکەوێت لەو وادەیەی دەستنیشان کراوە و لەو بڕوایەم بۆ مانگی ١٠ فریابکەون یان پێش کۆتایی هاتنی ٢٠٢١".
بەشیر حەداد دەربارەی ئەو ناسەقامگیرییە سیاسیی و ئەمنییەی لە عێراقدا باسدەکرێت کە هەندێکجار تا ئاستی کودەتای سەربازیی چاوەڕوانی لێ دەکرا رایگەیاند "ئەمانە هەمووی قسەی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و راگەیاندنەکانە و لە واقیعدا شتی وا نابینرێت و هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو حکوومەتە پێویستە پارێزگاری لێ بکرێت چونکە نەمانی ئەو حکوومەتە دیسان عێراق دەباتەوە بەرەو بارودۆخێکی ناسەقامگیر و زەحمەتە بتوانرێت بە ئاسانی حکوومەتێکی دیکە پێکبهێندرێت".