Heman Hussein Yaseen
23 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2022
ههولێر - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەمھۆیەوەشەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، درەنگانی شەوی رابردوو ھۆشداری دا لەبارەی ھاتنی ئەم شەپۆلە.
لە کاتەکانی بەیانییدا شەپۆلەکە ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و لەئێستادا لە ھەولێر، خۆڵبارینەکە بەردەوامیی ھەیە و مەودای بینین زۆر کەم بووەتەوە.
شەوی رابردوو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ھۆشداری دا و ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەنجامی کاریگەری دروستبوونی رکێڤیەک لەسەر بەشێک لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای عێراق، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی تۆز و خۆل زۆربەی ناوچەکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە بگرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئەوەشخراوەتەڕوو کە کاریگەری ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە رووی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کردووە و بووەتە ھۆی کەمبونەوەی مەودای بینین، پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی بەیانی درێژبێتەوە بۆسەر تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش، ھاوکات کاریگەریەکەیشی لە ناوچەکانی ھەرێم بە ئاستی جیاواز دەبێت، پێشبینی دەکرێت مەودای بینین کەمبێتەوە بۆ کەمتر لە دوو کیلۆمەتر ھاوکات خێرایی با زیاد دەکات بۆ سەرووی ٣٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرکێکدا.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستووەتەسەر ئەوەش کە کاریگەری ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە لەسەر ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان چڕتر دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ھەرێم و پێشبینیش دەکرێت مەودای بینین دابەزێت بۆ کەمتر لە ٢٠٠ مەتر و کاریگەری خۆڵبارینەکە لە دوای نیوەڕۆ کەمێک لاواز دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی درەنگانی شەودا دیسان چڕ دەبێتەوە تا پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە.