Aras Husein
17 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2021
دهۆک-AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەمپی بێرسڤێ-٢ لە قەزای زاخۆ سەربە پارێزگای دھۆک چەند خیوەتێکی ئاوارەکان گڕی گرت و بەھۆیەوە سێ ئاوارەی شنگال گیانیان لە دەست دا .
لەمبارەیەوە بەرپرسی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دھۆک، کاروان زەکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "لە کاتژمێر ٠٢:٣٠ی ئەمڕۆ رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی بێرسڤێ-٢ لە قەزای زاخۆ دروستبوو و بەو ھۆیەوە سێ کەس کە ئاوارەن و خەڵکی شنگال-ن گیانیان لە دەستداوە".
کاروان زەکی گوتیشی: "ئاگرکەوتنەوەکە بووە ھۆی سووتانی پێنچ خیوەتی ئاوارەکان و سووتانی پێنچ کەس لە یەک خێزان کە دواتر سێیان گیانیان لە دەست دا کە باوکێکی تەمەن ٣١ ساڵ بوو و کچەکەی تەمەن ١١ ساڵ و کوڕێکی تەمەن ١٠ ساڵ و دایک و کچێکی تری ئەو خێزانەش ئێستا لە نەخۆشخانەدان".
بەرپرسی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دھۆک لە بارەی ھۆکاری دروستبوونی ئاگرکەوتنەوەکە گوتی: "بەپێی راپۆرتی بەرگریی شارستانی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ شۆرتێکی کارەبا".
کاروان زەکی گوتیشی: "جگە لە زیانە گیانییەکان زیانی ماددیی زۆریش بەر کەمپەکە و خەڵکی کەمپەکە کەوتووە".
کەمپی بێرسڤێ-٢ کە دەکەوێتە قەزای زاخۆ سەربە پارێزگای دھۆک، ئاوارەی کوردی ئێزدی خەڵکی شنگالی تیادا نیشتەجێکراوە کە ژمارەیان ھەزار و ٥٠٠ خێزان دەبێت.
دهۆک.. بەھۆی ئاگرکەوتنەوەیەک سێ ئاوارە گیانیان لە دەست دا