Heman Husseın Yaseen
09 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
لە ھێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق کاتژمێر ١ و ٤٥ خولەکی ئەمڕۆ بەیانی، دوو مووشەک لە نزیک شاری ھەولێر کەوتوونەتە خوارەوە.

دوو مووشەکەکە، یەکێکیان لە گوندی سەیدانی سەربە شارەدێی بەحرکە ١٠ کیلۆمەتر باکووری خۆرئاوای ھەولێر و یەکێکیان لە قەزای بەردەڕەش سەربە پارێزگای دھۆک کەوتۆتەوە و ھیچ زیانێکی گیانییان نەبووە جگە لە ھەندێک زیانی ماددی.
مووشەکەکەی بەردەرەش بە دووری چەند سەد مەترێک لە نزیک ماڵێک کەوتووەتەوە کە ماڵەکە ئاوارەن و خەڵکی مووسڵ، وەک خاوەنی ماڵەکە ئاماژەی پێدەکات سەرەتا لەگەڵ دەنگی مووشەکەکە سەقف سانەوەی ماڵەکەیان ھاتۆتە خوارەوە و ئەوانیش لە گەرمەی خەودابوون.

خاوەن ماڵەکە، سەعید جەمیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتژمێر ٠١:٤٥ بەیانی بوو، ھەموومان خەوتبووین، لەپڕ دەنگی تەقینەوەیەکی بەرز ھات و سەقفی سانەوی ژوورەکە بەسەرماندا کەوت و ھەموومان رامانکردە دەرەوە، نەمانزانی ئەو دەنگە چی بوو، بەڵام دوای چوونە دەرەوەمان پارچەی مووشەکمان بینی کە پەنجەرەی ماڵەکەمانی شکاندبوو".
سەعید جەمیل گوتیشی: "دواتر بینیمان کە مووشەکێک لە نزیک ماڵەکەی ئێمە کەوتووەتە خوارەوە و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لەناو خەڵکی ناوچەکە پەیداکردووە و ھیوادارین ئەمە دوا رووداوبێت کە رووبەڕووی ھەرێمی کوردستان ببێتەوە".

ھاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ماڵەکەیان تۆزێک لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە دوورە، بەڵام شووشەی پەنجەرەی بەشێک لە ماڵەکان شکاوە و ھیواداریشە کە عێراق و ھەرێمی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی شەڕی وڵاتان.
ھاووڵاتیی ناوچەکە، جەوھەر مەلا عومەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من ماڵەکەم لەناو قەزای بەردەڕەشە، بەڵام لەکاتی تەقینەوەی مووشەکەکە، زەوی ھەژا، ھەموو بە ئاگا ھاتین و ترسێکی گەورەمان لێ نیشت، دواتر زانیمان کە ئێران مووشەکی ئاراستەی ھەرێمی کوردستان کردووە".

جەوھەر مەلا عومەر گوتیشی: "مووشەکەکە تەنھا زیانی ماددی ھەبووە، ماڵەکان شووشەی پەنجەرەکانییان شکاوە و ھیوادارین کە بارودۆخەکەی عێراق ھەرێمی کوردستان نەگرێتەوە و عێراقیش نەبێتە گۆڕەپانی شەڕی ئەمریکا و ئێران".
مووشەکەکەی لە گوندی سەیدان کەوتووەتە خوارەوە و نەتەقیووەتەوە و ھێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر بەھۆی مەترسی تەقینەوەی مووشەکەکە، ھەر بۆیەش ناوچەکەیان بەڕووی ھاووڵاتییان و دەزگا راگەیاندنەکان داخستووە.
دوای رووداوەکەش وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە "کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکانی شەوی رابردوو، ھیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە".