Sarmand Hameed
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ داوای لە هاووڵاتییان کرد روو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و جەختیشی لە گرنگیی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ دوای دەنگدانی لەگەڵ هاوسەرەکەی لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەنگدان لە هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا هەڵبژاردنەکەی بە گرنگ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا و داوای لە هاووڵاتییان کرد روو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و مافی دەنگدانیان بەکاربهێنن.
کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتیشی: "ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە بەتایبەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە لەم خولەی پەرلەمان گۆڕانکاریی لە ژمارەیەک یاسای گرنگ بکرێت کە پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە بەتایبەتی دەستوور".
دەرباز کۆسرەت رەسول هیوای خواست کە ئەم هەڵبژاردنە پاک و بێگەرد بێت تاوەکو هاووڵاتیی بتوانێت نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵبژێرێت.
گوتیشی: "ئێمە داخوازی ئاشتیی دەکەین بۆ گەلانی عێراق، چونکە خەڵکی پێویستییان بە ئاسایش و سەقامگیریی هەیە، ئومێد دەکەین ئەم هەڵبژاردنە ببێتە هەوێنی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کەڵەکەبووانەی کە لە رابردوودا هەبووە".
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەبارەی پرسی کەرکووک گوتی: "کەرکووک زامێکی ساڕێژنەبووی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی ئەو شارە دەکەم روو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، چونکە پرسی کەرکووک هێشتا بەپێی ماددەی ١٤٠ یەکلایی نەبووەتەوە".
کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی لە چوارچێوەی بازنەکانی هەڵبژاردن بە کارێکی ئاسایی ناوبرد و جەختی لە گرنگی بەشدارییکردنی هاووڵاتییان لە پرۆسەکەدا کردەوە.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردن و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان گوتی: "هەرکاتێک کورد بە یەکڕیزی چووبێتە بەغدا دەستکەوتی زیاترمان بەدەستهێناوە بۆ گەلەکەمان، بۆیە گرنگە لە قۆناغی داهاتوودا یەکڕیز بین و لە ئەگەری پەرەوازەییمان ناتوانین وەک پێویست دەستەبەری مافەکانمان بکەین".