Heman Hussein Yaseen
27 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2021
ههولێر - AA
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ھێرشەکەی دوێنێی سەربە گوندی براغ نزیک کۆمەڵگای مەلا ئۆمەر لە پارێزگای ھەولێر رایگەیاند "ئەم کارە تیرۆریستییانەی ئەو گرووپە تێکدەر و لە یاسادەرچوانە بەتوندی سەرزەنشت و سەرکۆنە دەکەین و پێمان وایە پێویستە بۆ لەمەودوا ھەموو لایەک و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکوومەتی فیدراڵی بەجددی کاربکەن بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە و رێگرتن لەو جۆرە کار و پەلامارە تیرۆریستییانە، کە مەبەست لێیان نانەوەی پشێوی و تێکدانی سەقامگیریی و ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستانە".
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە "بەرەبەیانی دوێنێ ٢٦ی حوزەیران لە رێگەی سێ درۆن (فڕۆکەی بێ فرۆکەوان)ەوە ھێرش کرایە سەر شاری ھەولێری پایتەخت، کە بووە ھۆی زیان گەیاندن بە ماڵ و موڵکی ھاووڵاتییان لە گوندی براغ نزیک کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم کارە تیرۆریستییانەی ئەو گرووپە تێکدەر و لە یاسادەرچوانە بەتوندی سەرزەنشت و سەرکۆنە دەکەین و پێمان وایە پێویستە بۆ لەمەودوا ھەموو لایەک و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکوومەتی فیدراڵی بەجددی کاربکەن بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە و رێگرتن لەو جۆرە کار و پەلامارە تیرۆریستییانە، کە مەبەست لێیان نانەوەی پشێوی و تێکدانی سەقامگیریی و ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستانە''.
لە بەشەکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو "بەداخەوە ئەو کاروکردەوە نایاسایی و تێکدەرانە بۆ چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵییە رێگری لەو گرووپ و ھێزانە بکات کە مەرامیان تێکدانی سەقامگیری کوردستان بەتایبەتی و عێڕاقە بەگشتی".