Heman Hussein Yaseen
14 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
لە ئاکامی رووداوێکی هاتوچۆ لە شاری هەولێر، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، فازڵ حاجی رایگەیاند، کاتژمێر١:٢٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، رووداوێکی پێکدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری هیۆندای تایبەت و فۆردێکی بارهەلگر لەسەر شەقامی٦٠ مەتری لەناو ئەندەرپاسی دارایی کەناسراوە بە(نەفەقی دارایی) روویداوە.
وەک فازڵ حاجی ئاماژەی پێکردووە، لە ئەنجامی رووداوەکەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوە زانراوە کە چوار کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەندامی یەک خێزانن کە لەنێو ئۆتۆمبێڵە هیواندایەکە بوونە و کەسەکەی دیکەش شۆفێری فۆردەکە بووە.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر راشیگەیاندووە، هۆکاری سەرەکی رووداوەکە تیژڕۆیی بووە و هێشتا لێکۆلینەوەکان بەردەوامە بۆدیاریکردنی لایەنی خەتابار.
بە پێی گرتە ڤیدیۆیی و وێنەکانی رووداوەکە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەتەوە، ھێزی بەریەککەوتنی ئۆتۆمبێلەکان ئەوەندە بە ھێز بووە، بەشی پێشەوەی ھیچ کام لە ئۆتۆمبێلەکان نەماوە.