ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢٦-٢٠٢٧) لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەمڕۆ، یەکەم زەنگی پۆلەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێدرا و بەو شێوەیە ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێکرد.
زیاتر لە یەک ملیۆن و ٧٥٠ هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان کە لە حەوت هەزار و ٥٩٠ قوتابخانەدا تۆمار کراون، دەست بە خوێندن دەکەن.
مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر، زەنگی دەستپێکی خوێندنی لێدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ قوتابیانی گوتی، "گرنگیی بەخوێندنی خۆتان بدەن، مرۆڤدۆست بن. مامۆستا و کەسوکاری خۆتان خۆشبووێت. ڕێز لە هەموو چین و توێژەکان بگرن. شار و وڵاتی خۆتان پاک ڕابگرن و ژینگەی وڵاتی خۆتان بپارێزن".
لە دەستپێکی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٣٦ باڵەخانەی نوێی ڕادەستی وەزارەتی پەروەردە کرد کە بۆ باخچەی ساوایان و قوتابخانە بەکاریان بهێنێن.
لەم بارەیەوە وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئالان حەمەسەعید ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا بە گشتی ٣١٠ باڵەخانە تەواو و ڕادەستی وەزارەتی پەروەردە کراوە و هەروەها لەم ماوەیەدا سێ هەزار و ٧٥ قوتابخانەش نۆژەنکراوەتەوە.