Heman Hussein Yaseen
11 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2022
هەولێر - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوێستانەکانی بەربزین لە سنووری ناحیەی سیدەکان باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر تۆپباران کرد و بەهۆیەوە پڕۆسەی خوێندن راگیرا.
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان، ئیحسان چەلەبی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " کاتژمێر ھەشت و ٢٠ خولەک تا کاتژمێر نۆی ئەمڕۆ لەلایەن تۆپخانەکانی ئێران ناوچەکانی بەربزین و سنووری سیدەکان کرانە ئامانج بە نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ جار تۆپباران لەم ناوچەیەدا ھەبوو، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
ئیحسان چەلەبی لەبارەی زیانە ماددییەکان گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئێستا سەرەتای دەستپێکردنی کاری کشتوکاڵییە و خەڵک خەریکی کاری خۆیانن، بۆیە بەهۆی ئەم تۆپبارانەوە ناتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن".
ئیحسان چەلەبی گوتیشی: "تۆپبارانەکە بووە ھۆی وەستاندنی پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەی گوندی بنەڕەشکین و بۆ سەلامەتی گیانی قوتابییەکان تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆمان لە گوندەکە دواخست".
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان، ئیحسان چەلەبی لەبارەی زەرەر و زیانەکانیش لەماوەی رابردوودا، بەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای پاسداران، گوتی: "ئەمساڵ یەکەمجارە ئەم ناوچەیە تۆپباران دەکرێت، بەڵام لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەهۆی تۆپبارانەکانی ئێرانەوە ھاووڵاتییەک لە سنووری ئێمە شەھیدبووە، ھەروەھا سێ هاووڵاتییش برینداربوون".
ئیحسان چەلەبی گوتیشی: "ئێستا کاتی گەڕانەوەی خەڵکە بۆ شوێنی خۆیان بەھۆی وەرزی کشتوکاڵکردنەوە بەتایبەتی تەماتە و کۆمەڵێک بەرووبوومی دیکە، بەڵام ئەگەر تۆپبارانەکە بەردەوام بێت ئەوا بێگومان خەڵک ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر شوێنەکانیان".